​ ئیتاڵیا له‌بری پیرۆ بەشداری مۆندیال دەکات ؟

11/23/2017 6:44:00 PM 31228 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت – 

راپۆرتەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە هەڵبژاردەی پیرۆ هەڕەشەی دوورخستنەوەی لەمۆندیالی 2018ی روسیا لەسەرە.

هەڵبژاردەی پیرۆ ماوەی 36 ساڵە لەبەشداریکردن لەیارییەکانی مۆندیال بێبەشە، ئەمساڵیش لە قۆناغی پاشکۆی پاڵاوتنەکانەوە خۆی گەیاندە مۆندیال، بەڵام لە ئێستاداو بەهۆی دەستتێوەردانی سیاسییەوە ئەگەر هەیە لەمۆندیال دووربخرێتەوە.

رۆژنامەی لیبیرۆ بڵاویکردووەتەوە بەهۆی ئه‌و پرۆژە یاسایەی کە (بالۆما نوسیدا)ی ئەندامی ئەنجومەنی پیران ئامادەی کردووەو تێیدا بەهۆی ئەو پرۆژە یاسایانەوە رێگری لە ئەندامانی پێشووی یەکێتیە وەرزشیەکان دەکات جارێکی دیکە خۆیان بۆ یەکێتییەکانیان کاندید بکەنەوە، ئەوەش پێچەوانەی سەرجەم یاساکانی فیفایە.

یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بەهەموو شێوەیەک دەستوەردانی حکومەتەکان لەکاروباری ئەندامانی یەکێتییە ناوخۆییەکان رەتدەکاتەوەو لەکاتی سەرپێچیکردن لەیاساکانی یەکێتییە ناوخۆییەکان رادەگرێت.

بەپێی راپۆرتە هەواڵەکان پێشبینی ناکرێت پرۆژە یاساکەی ئەندامەکەی ئەنجومەنی پیرانی پیرۆ بەهۆی پەستانی شەقامەوە دەنگی پێویستی پێبدرێت.

لەلایەکی دیکەوە چەند راپۆرتە هەواڵێک لەئەگەری دوورخستنەوەی هەڵبژاردەی پیرۆ باس لەجێگرەوەی ئەو هەڵبژاردەیە دەکەن و هەریەکە لە هەڵبژاردەکانی ئیتاڵیا و چیللی و هۆڵەنداش بۆ جێگرتنەوەی پاڵێوراون.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP