مارادۆنا لە ئاهەنگی راكێشانی تیروپشكی مۆندیالدا بەشدار دەبێت

11/21/2017 4:51:00 PM 5081 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت – 

یەكێتی تۆپێی پێی نێودەوڵەتی بڵاویكردەوە دیگۆ ئەرماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی ئەرژەنتینی یەكێك دەبێت لەو پاڵەوانانەی لە ئاهەنگی راكێشانی تیروپشكی مۆندیالی 2018ی روسیا ئامادە دەبێت.

فیفا رونیكردووەتەوە مارادۆنا كە كاپتنی هەڵبژاردەی ئەرژەنتینی پاڵەوانی مۆندیالی 1986 بووە لەمەراسیمی راكێشانی تیروپشكی مۆندیالداو شانبەشانی لۆران بلانی فەرەنسی و جۆردن بانكسی ئینگلیزی و كافۆی بەرازیلی و كاناڤارۆی ئیتاڵی و پۆیۆلی ئیسپانی بەشدار دەبێت.

بەپێی بەیانێكی فیفا جگە لەو ئەستێرانە هەریەكە لە دیگۆ فۆرلانی ئۆرۆگوای و نیكیتا سیمۆنیانی ئەفسانی روسی كە لە مۆندیالی 1958دا بەشداری كردووە، بەهەمان شێوە بەشدار دەبن.

هاوكات میرۆسلاڤ كلۆزەی گۆڵكاریی مێژوویی مۆندیالەكان، هەڵگرتنی جامی جیهانی لە ئاهەنگەكەدا لە ئەستۆ دەگرێت.

هەینی رابردوو یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بڵاویكردەوە گاری لینیكەری ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لەگەڵ خانمە رۆژنامەنوسی وەرزشی روسی ماریا كۆماندنیانا دەبنە پێشكەشكاری ئاهەنگی راكێشانی تیروپشكی مۆندیالی داهاتوو.

مەراسیمی راكێشانی تیروپشكی مۆندیالی 2018ی روسیا رۆژی یەكی دیسەمبەر لە كۆشكی كرملین دەبێت.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP