بەرزکردنەوە و هەڵدانی منداڵ زیانی هەیە


خەندان لایف-

پسپۆڕانی سویسرا هۆشداریدەدەن، لە هەڵدان و بەرزکردنەوەی منداڵ بەتایبەت بەشێوەیەکی توند، چونکە زیان بە مێشکی دەگەیەنێت.

بەگوێرەی هەواڵەکەی buzzkito منداڵ لە قۆناغە سەرەتاییەکانی تەمەنیدا زۆر ناسکە و زوو زیانی پێدەگات، هەربۆیە بەرزکردنەوەی منداڵ لەلایەن دایک و باوکەوە مەترسی هەیە، بەتایبەت ئەگەر چەندجارێک بێت بەشێوەیەکی توند و بەهێز، چونکە مێشک تووشی لەرینەوە دەبێت لەکاتێکدا لە قۆناغی گەشە و جێگیربووندایە، هاوکات زیان بە بڕبڕەکانی ملیشی دەگەیەنێت.

پسپۆڕان ئاماژەبەوەدەدەن لەکاتی گریانی منداڵدا دایکان و باوکان توانای زاڵبوونیان نامێنێت و لەپێناو هێواشکرنەوەی هەوڵدەدەن بەرزیبکەنەوە تا پێبکەنێت، کە رەنگە زیانی زۆر بە مێشکی بگات و تووشی خوێن بەربوونیشی بکات.

پزیشکی پسپۆڕ ریتش لیبس، لە راپۆرتێکدا رایدەگەیەنێت کە رێژەی زیان بەرکەوتووانی مێشکی منداڵان زیادیکردووە، بەهۆی بەرزکردنەوەیان بۆ سەرەوە کە لە هەر 10000 منداڵێک 14 حاڵەت هەیە، هەربۆیە هۆشداریدەدەن لە ئەنجامدانی ئەم رەفتارە. 

 

ئه‌م بابه‌ته 20833 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP