هەرگیز لە ژوورەوە جلەکانت هەڵمەخە

خەندان لایف-

لە ئێستادا بەشێوەیەکی گشتی جلوبەرگی تەڕ لە ژوورەوە هەڵدەخرێت،بەهۆی نەبوونی جێگا یان دیمەنی ناشرینەوە یاخود بەهۆی سەرماوە لە وەرزی زستاندا، بەڵام لەڕووی تەندروستیەوە زیانی هەیە.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانستی و پزیشکی لە ئێرلەندا، بەردەوام جلوبەرگی شۆراو و هەڵخستنی لە ژوورەوە، زیانی هەیە بۆ کەسانی لەش ساغ و ئەو کەسانەش ڕەبوویان هەیە.

بەپێی زانیاریەکان کە لە پێگەی foochia بڵاوکراوەتەوە، ئەو کەسانەی ڕەبوویان هەیە تەندروستیان خراپتر دەبێت و زیاتر تەنگەفەس دەبن ڕەنگە زیان بە سییەکانیشیان بگات، ئەگەر جلوبەرگەکانیان لە ژوورەوە هەڵبخەن، بەهەمان شێوە بۆ ئەو کەسانەش کە تەندروستیان جێگیرە.

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، کە ژینگەی شێدار زیانی هەیە و دەبێتە هۆکارێک بۆ گەشەکردنی میکرۆب و بەکتریا، پڕۆفیسۆر ڤینا کینی کە یەکێکە لە لێکۆڵەرانی نێو توێژینەوەکە دەڵێت "ئەو میکرۆبانە بە چاو نابینرێن، بەڵام دەبێتە هۆی هەستیاری (حەساسیەت) بۆ مرۆڤەکان".

هەر بەو هۆیەشەوە کاتێک ئەو میکرۆبە لەسەر لەشی مرۆڤ دروست دەبێت، دەبێتە هۆی کۆکە و هەڵامەت، ئەو کەسانەش کە ڕەبوویان هەیە دوو هێندە زیانیان پێدەگات بەتایبەت سییەکان، بێگومان ئەم حاڵەتەش زیانی زیاترە بۆ منداڵ و بەساڵاچووان.

لەلایەکی دیکەوە باس لەوەدەکرێت ئەو کەسانەی بەرگری لەشیان لاوازە، یان نەخۆشی ئەکزیمیای پێستیان هەیە، نابێت جلوبەرگەکانیان لە ژوورەوە هەڵبخەن، چونکە ڕەنگە زیانی زۆر خراپیان پێ بگات.

لەکۆتایدا پسپۆڕان هۆشداری دەدەن و ڕێنمایی خەڵک دەکەن کە جلوبەرگەکانیان دوای شتن لە دەرەوە هەڵبخەن، یان ئەگەر نەبوو هەوڵبدەن دوور بێت لە ژووری نوستن و دانیشتنەوە

ئه‌م بابه‌ته 57550 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP