مەترسیەکانی خواردنی خێرا بۆ خانمانی دووگیان

خەندان لایف-

زاناکان خواردنی خێرا بە مەترسیدارترین جۆری ژەمە خۆراکیەکان دادەنێن بۆ تەندروستی مرۆڤ بەگشتی و منداڵ و دووگیان بەتایبەتی، بەهۆی ئەو زەیتە مەترسیدارەی تێیدا ئامادەدەکرێت کە سەرچاوەی زۆربەی نەخۆشیەکانە.

توێژینەوە پزیشکی و زانستیەکان دەربارەی مەترسیەکانی خواردنی خێرا بەردەوامە و بەگشتی هۆشداری دەدەن لە کەمکردنەوەی ئەم خواردنانە، بەتایبەتی خانمانی دووگیان، چونکە کاریگەری سلبی لەسەر تەندروستی کۆرپەلە و دایکەکە هەیە.

مەترسیەکانی خواردنی خێرا بۆ خانمی دووگیان:

تاقیکردنەوە زانستیەکان جەخت لەوەدەکەنەوە کە خواردنی خێرا کاریگەری سلبی لەسەر تەندروستی کۆرپەلە هەیە لەڕووی گەشەوە، لەهەمانکاتدا لەدوای لەدایکبوون ئەگەری زۆری هەیە ئەو منداڵە تووشی نەخۆشی قەڵەوی ببێت و لەگەڵ تێپەڕینی تەمەن زیاتر زیانی پێ بگەیەنێت.

ئەو دایکانەی بڕێکی زۆر خواردنی خێرا دەخۆن لەکاتی دووگیان، ئەگەری زۆری هەیە کۆرپەکانیان پاش لەدایکبوون تووشی نەخۆشیەکان هەستیاری ببن بەتایبەتیش لە قۆناغی دوای باڵقبوون، ئەمەش ناچاریان دەکات کە خواردنی شیرین و چەوری زیاتر بخۆن و ئارەزوویان بۆ ئەو جۆرە خۆراکانە زیاتر بێت، چونکە ئاسوودەی دەکات وەک جۆرێک لە ئالوودەبوون.

لەلایەکی دیکەوە پسپۆڕان و لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە ئەو دایکانەی خواردنی خێرا زۆر دەخۆن لەماوەی مانگی نۆیەمی دووگیانی، کۆلیسترۆڵی خوێنیان بەرز دەبێتەوە و کاریگەری دەخاتە سەر کۆلیسترۆڵی کۆرپەلە و زیانی پێ دەگەیەنێت، چونکە کۆلیسترۆڵی بەسوود کەمدەکاتەوە کە پارێزگاری لە دڵ دەکات.

نوێترین توێژینەوەش ئاماژە بەوەدەکات کە ئەو منداڵانەی لە قۆناغی دووەمی گەشەی ژیانیان تووشی نەخۆشیەکانی دڵ یان شەکرە دەبن، بەهۆی خواردنی خێرا و ناتەندروستەوەیە لەلایەن دایکەوە لەوکاتەی دووگیان بووە.

لێرەدا تەواوی توێژینەوەکان و پزیشکان لەپێناو تەندروستی گونجاوی دایکانی دووگیان هۆشداریان دەدەن لەوەی هەوڵبدە زۆر بائاگابن لە خواردنیان و کەمترین ڕێژەی چەوری بخۆن بەتایبەتی خواردنی خێرا، چونکە کاریگەری سلبی لەسەر گەشەی ئەو منداڵە دادەنێت، مەرج نییە خێرا ئەو کاریگەریە دەربکەوێت، هەرگیز "مەڵێ من خواردم هیچ نەبوو"، بەڵکو دەبیتە هۆی ڕێگڕی لە تەندروستی گونجاوی منداڵەکەت لەڕووی گەشەوە لەیەکێک لە قۆناغەکان، بەڵام کاتێک تووشبوو تۆ لەبیردەکەی کە هۆکارەکەی خۆت بوویت.

 

ئه‌م بابه‌ته 20151 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP