بەشی دوەمی فیلمی عەلادین بەرهەم دەهێنرێت؟

خەندان لایف

دوای ئەوەی فیلمی عەلادین بەرهەم هێندرا، بڕیارە بەشی دوەمی فیلمەکە بە هەمان کاستی فیلمەکەوە بەرهەم دەهێندرێت.

ساڵی رابردو فیلمی عەلادین بەرهەمهێنرا داهاتەکەی یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاند، کە چیرۆکەکەی لە فیلمی ئەنیمەیشنی عەلادینەوە وەرگیرابو کە لەساڵی 1992 بەرهەمهێنرابو، هەوادارێکی زۆری هەبو.

دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەی بەدەستی هێنا، هەمان دەرهێنەر، لەگەڵ هەردو ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە و ویڵ سیمس، گەڕانەوە بۆ ئەوەی درێژە بە جیهانی "ئەگرابا" بدەن.

ریچی، دەرهێنەری فیلمەکە پێشتر رایگەیاندبو "ئەم فیلمەی عەلادین باس لە چیرۆکی خەڵکانی رۆژهەڵانی ناوراست دەکات، شێوازی ژیانی ئەم شوێنە دەخاتەڕو، من لە کاتی بەرهەم هێنانی ئەم فیلمەدا رەچاوی بەشی دوەمم کردوە".


بەپێی هەواڵێکی Variety، لە ئێستا دیزنی ئەو ئەرکەی بە دو نوسەر سپاردوە بەناوی "جۆن گەیتن، ئەندری بێرلۆف" بۆ ئەوەی چیرۆکی بەشی دوەمی فیلمی عەلادین بنوسن، لەگەڵ ئەوەی کاتی بەرهەمهێنانی فیلمەکە دیارینەکراوە، بەڵام پێدەچێت دوای شەش مانگ دەست بە وێنەگرتنی فیلمەکە بکرێت.

فیلمی عەلادین فیلمێکی خەیاڵی، میوزیکیە، بەرهەمی کۆمپانیای دیزنیە، لە لایەن گای ڕیچیەوە بەرهەم هێنراوە، چیرۆکی فیلمەکە لە هەمان چیرۆکی فیلم کارتونی عەلادینەوە وەرگیراوە، ئەکتەرەکان بە هەمان ناو بەشداریان لە فیلمەکە کردوە، ویل سیمس، مینا مەسعود، نۆمی سکۆت، مەروان کینزاری، ڕۆڵی سەرەکیان هەبوە لە فیلمەکەدا.

ئه‌م بابه‌ته 2406 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP