وێنە.. دو خانمە ئەكتەر لە مەراسیمی ئۆسكاردا عەزی چەندین ساڵ لەمەوبەریان پۆشی


خەندان لایف

یەكێك لە خانمە ئەكتەرەكانی هۆڵیود كە لە هەمانكاتدا دەرهێنەریش، لە مەراسیمی ئۆسكار-ی ساڵی 2020دا بە پۆشینەوەی هەمان عەزی 16 ساڵ لەمەوبەر، بوە جێی سەرنجی رۆژنامەنوسان.

ئێلیزابێت بانكس، خانمە ئەكتەر و دەرهێنەری هۆڵیود لەكاتی بەشداریكردنیدا لە مەراسیمی خەڵاتەكانی ئۆسكار بۆ ساڵی 2020، هەمان ئەو عەزییەی پۆشی كە لە هەمان مەراسیمی ساڵی 2004دا پۆشیبوی، لەوبارەیەشەوە رایگەیاند "پڕ بە بەرمە، بۆچی نەیپۆشم؟".

لەمیانی بەڕێوەچونی مەراسیمی خەڵاتەكانی ئۆسكاری ساڵی 2004دا، بانكس عەزییەكی سوری درێژی پۆشیبو، ساڵی 2020یش بە هەمان عەزیەوە دەركەوتەوە و لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام هاوپێچ لەگەڵ وێنەیەكی خۆی نوسیویەتی "لەگەڵ وێندی نیكۆڵ-ی خانمە دیزاینەر بیرمانكردەوە، سەبارەت بە گۆڕانی كەشوهەوای زەوی هۆشیاری بڵاوبكەینەوە".

ئاماژەی بەوەشكردوە "لەڕێگەی بڵاكردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە  بەكاربەریی لە فاشیۆن و پۆشینی جلوبەرگ و بەرهەمهێنان و بەكاربردندا كە سەرجەمیان پەیوەستن پێكەوە و بە گۆڕینی كەشوهەوا و زەویەوە، هۆشداریمان سەبارەت بە گەرمبونی زەوی بڵاوكردەوە".

ئەو خانمە ئەكتەرە نوسیویشیەتی "لەگەڵ دو رێكخراودا پێكەوە هەماهەنگیمان كردوە، كە هەرودكیان كاردەكەن بۆ كەمكردنەوەی رێژەی بەكارهێنانی كاربۆن لە بەرهەمی پۆشاكیی كۆمپانیاكان و رەچاوكردنی هاوسەنگیی ژینگەیی كاردەكەن".

ئێلیزابێت بانكس تەنها خانمە ئەكتەر نیە كە ئەو هەنگاوە بەرەو بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی بنێت، جەین فۆندا-ی خانمە ئەكتەریش كە لە هەمانكاتدا نمایشكاری جلوبەرگ بوە و چالاكوانی سیاسیە، بە هەمان عەزی 6 ساڵ لەمەوبەرەوە دەركەوت.

ئەو خانمە ئەكتەرە، كە لەئێستادا تەمەنی 82 ساڵە، لە چەندین ساڵی رابردودا بە شێوەیەكی بەردەوام بەشداربوە لە خۆپیشاندانەكانی دژ بە گەرمبونی زەوی و بەوهۆیەوە چەندینجار دەستگیركراوە. 

ئه‌م بابه‌ته 14232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP