بۆ خانمان.. پێویستە لەم کارانە دوربکەویتەوە ئەگەر بڕیاری دوگیانبونتدا


خەندا لایف

ئەو خانمانەی بڕیار دەدەن ببن بە دایک، رەنگە زۆر جار تەندروستی خۆیان فەرامۆش بکەن، کە دواتر کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی خۆی و کۆرپەلە دەبێت، هەندێک رەفتار هەیە کە پێویستە لێی دوربکەونەوە بۆ ئەوەی دوای دوگیانبون کێشەی بۆ دروست نەبێت و چانسی دوگیانبونی زیاتر بێت.

یەکەم: قەڵەوی یان دابەزینی کێش
پێویستە وریابیت لەوەی کێشت زیاد نەکات، دابەزینی کێش ئەگەری دوگیانبون زیاد دەکات، بەڵام زۆر کەمبونی کێش یان زیادبونی کێش دەبێتە هۆی ناڕێکی سوڕی مانگانە، پێویستە کێشت بە نۆرماڵی بهێڵیتەوە.

دوەم: جگەرە کێشان
رۆژانە خواردنی دو جگەرە چانسی دوگیانبون کەم دەکاتەوە، زیان بە هێلکەدان دەگەیەنێت، رێگری دەکات لەوەی منداڵ دروست ببێت.

سێیەم: خواردنی ڤیتامینەکان
پێویستە پێش ماوەی دوگیانی گرنگی بە خواردنی ڤیتامینەکان و ڤۆلیک ئەسید بدەیت، بەڵام نابێت زیادەڕەوی لە خواردنی ڤیتامینەکان بکەیت، بۆ نمونە زیادەڕوی لە خواردنی ڤیتامین A، رێگرە لە دروستبونی منداڵ، پێویستە بە پێی رێنماییەکانی پزیشک بیخۆیت.

چوارەم: خواردنەوەی کافایین
خواردنەوەی قاوە و خواردنەوە وزە بەخشەکان زیان بە تەندروستی دەگەیەنن، خواردنەوەی کوپێک قاوە لە رۆژێکدا کاریگەری نابێت، بەڵام خواردنەوەی ئێسپرێسۆ کاریگەری هەیە لەسەر چانسی دوگیانبون.

پێنجەم: خواردنی دەرمان
بەهیچ شێوەیەک پێش دوگیان بون دەرمانی پزیشک مەخۆ بەبێ رێنمایی پزیشکی تایبەت.

شەشەم: خواردنەوەی ماددەی کحولی
چانسی دوگیانی کەم دەکاتەوە، زیان بە تەندروستیت دەگەیەنێت.

حەوتەم: تەمبەڵی
باشترە پێش دوگیانبون لە تەمبەڵی دوربکەویتەوە و وەرزش ئەنجام بدەیت، بۆ ئەوەی جەستەت چالاک ببێت، وادەکات دوگیان ببیت و منداڵی تەندروستت هەبێت.

هەشتەم: پشتگوێ خستی تەندروستی
باشترە پشکنینی گشتی بۆ تەندروستیت ئەنجامبدەیت، بەتایبەتی ئەگەر ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە دوگیان نەبویتە.

 

ئه‌م بابه‌ته 11052 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP