تەیلەر سویفت لە کاری هونەری دور دەکەوێتەوە
دایکی توشی نەخۆشیەکی مەترسیداربوە

خەندان لایف

ئەستێرەی ناسراوی جیهانی تەیلەر سویفت، بۆ دوەمینجار دایکی توشی نەخۆشی شێرپەنجە بوە، تا کاتێکی نادیار تەیلەر سویفت لە کاری هونەری دوردەکەوێتەوە.

تەیلەر سویفت، لە میانەی چاوپکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری Variety رایگەیاند "لەو کاتەی سەرقاڵی وەرگرتنی چارەسەر بوین بۆ دایکم کە توشبوی شێرپەنجەی مەمکە، بۆمان ئاشکرابو کە گرێیەک لە مێشکیدا هەیە، چارەسەرەکەی بە تەواوی جیاوازە لەو چارەسەرەی دایکم بۆ شێرپەنجەی مەمک وەریدەگرێت".

ئەندریا سویفت، دایکی تەیلەر سویفت، لەلایەن هەوادارەکانی تەیلەر سوفتەوە بۆ سمبولی هیوا و بەهێزی ناسراوە، چونکە هەمیشە لەگەڵ کچەکەیدا دەردەکەوێت و لە تەواوی بۆنە و ئاهەنگەکان پاڵپشتی دەکات.

تەیلەر ئەوەشی خستەڕو "هەمو کەسێک دایکی خۆش دەوێت و گرنگترینە لە ژیانیاندا، بەڵام دایکی من هۆکاری سەرکەوتنەکانمەوە، هەمو بڕیارەکانم لە دایکمەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە نەخۆشیەکەی دایکم بۆ من زۆر گرنگە".
 
لەبارەی کارە هونەریەکانییەوە پێشتر تەیلەر لە میانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ گۆڤاری Billboard ئاشکرایکرد پلانی بۆ ئەنجامدانی چەندین کۆنسێرت وفیستیڤاڵ هەیە بۆ ئەلبومی Lover کە ساڵی رابردو بڵاویکردەوە، بەڵام دوای زانینی نەخۆشیەکەی دایکی وتی "پێویستە ئەمساڵ لەگەڵ خێزانەکەم بم و پاڵپشتیان بکەم بۆیە کارەکانم دەوەستێنم". رون نیە کە ئایا ساڵی داهاتو دەگەڕێتەوە یاخود نەخێر.

 

ئه‌م بابه‌ته 6063 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP