نزار ناشاد تێچوی بەرهەمەکەی میران عەلی دەگرێتە ئەستۆ


خەندان لایف

دوای هەڵوەشانەوە بڕیارەکەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بۆ خەرجكردنی بڕێك پارە بۆ كارێكی هونەرمەند میران عەلی، نزار ناشاد، تێچوی بەرهەمەکەی میران عەلی لە ئەستۆ دەکرێت.

شاعیری کورد، نزار ناشاد، لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لەبارەی هه‌ڵوەشانەوەی بڕیارەکەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، رایگەیاند "میران گەنجێک و ھونەرمەندێکی کورد و بەتایبەت شاری ڕۆشنبیرییە کە ساڵانێکە خزمەتی ھونەر دەکات بۆیە ئاساییە ئەگەر لەو بڕە پارەیەی وەک بودجەیەک ساڵانە بۆ پایتەختی ڕۆشنبیری سەرف دەکرێت بەشێکی بدرێتە ھونەرمەند میران عەلی، بەڵام کاتێک بڕیارەکە ھەڵدەوەشێتەوە من ئامادەم تێچوی بەرھەمەکەی بگرمە ئەستۆی خۆم"

بەگوێرەی زانیارییەكانی خەندان، لەماوەی رابردودا، لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بڕیاریداوە بە خەرجكردنی بڕێك پارە بۆ ئەنجامدانی كارێكی هونەری بۆ هونەرمەندی لاو "میران عەلی"، بەڵام ژمارەیەك لە هونەرمەندانی شاری سلێمانی ناڕەزاییان لەبەرامبەر ئەو كارەی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی دەربڕیوە و داوایانكردوە یان با خەرجكردنی پارە بۆ هونەرمەندان بەگشتی نەبێت یاخود بۆ هونەرمەندانی دیكەش خەرج بكرێت.

هەر بە گوێرەی زانیارییەكان، دوای ئەوەی ئەو ناڕەزاییانە گەیشتۆتەوە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، لەئێستادا وەزیری رۆشنبیری بڕیاریداوە كە خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە رابگیرێت.

ئه‌م بابه‌ته 12172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP