بۆچی نابێت چا بدرێت بە منداڵ؟


خەندان لایف

خواردنەوەی چا بۆ منداڵان کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستیان هەیە، پێویستە منداڵ تا تەمەنی 6 ساڵ چا نەخواتەوە، دوای تەمەنی 6 ساڵی پێویستە رون بێت و رێژەی شەکری کەم بێت، پشدەر عبداللە، پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان زیانەکانی چای خستوەتەڕو.

یەکەم: بەهۆی ئەوەی چا بڕێکی زۆر کافاینی تێدایە، دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی فشاری خوێن و دروست کردنی دودڵی، دڵەڕاوکێ و چالاک بونی منداڵەکە، کێشە بۆ خەوی منداڵەکە دروست دەکات.

دوەم: چۆن لە کەسانی پێگەیشتو کاریگەری هەیە و سەر ئێشە دروست دەکات ئەگەر رۆژێک نەتوانیت بیخۆیتەوە بەهەر هۆیەک، ئەوە لە منداڵیش دوای فێربونی ئەگەر رۆژێک نەیخواتەوە ئەوە توشی سەرئێشەو توڕەبون دەبێت.

سێیەم: ئەگەر لە جیاتی کوپێک چا کوپێک شیری پێبدەیت، وزەیەکی زۆرترو تەندروستتر دەبەخشێت بە منداڵەکە چونکه گەدەی منداڵ بچوکە، بۆیە لەوانەیە بە چاکە بڕێکی زۆر گەدەی داگیربکات و نەهێڵێت جێگەی خواردنی سودبەخشی تر ببێتەوە.

چوارەم: لەبەر ئەوەی منداڵ بڕێکی زۆر شەکر دەکاتە چایەکەوە بۆیە زیانێکی زۆر بە ددانەکانی دەگەیەنێت.

پێنجەم: لەبەر ئەوەی چا وەکو دەرمانی میزپێکەر کاردەکات بۆیە ئەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی بڕێکی زۆر کالسیۆم لە میزدا.

شەشەم: زۆربەی کات کێشەی گەدە وەک دڵەکزێ بۆ منداڵ دروست دەکات.

هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە چا ئەبێتە هۆی کەمتر هەڵمژینی ماددەی ئاسن لە ریخۆڵەکانداو دواتر ئەبێتە هۆی کەمخوێنی بەڵام هەندێ سەرچاوە ڕەتی ئەوە ئەکەنەوە کە هیچ پەیوەندیەکی بەوەوە هەبێت، لەوانەیە زیاتر بەهۆی کەم خواردنی خۆراکی سودبەخشەوە هەبێت لە ئەنجامی زۆر خواردنەوە چاوە.

 

ئه‌م بابه‌ته 22456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP