هەواڵ عوسمان ساڵیادی کۆچی دوایی هاوسەرەکەی دەکاتەوە

خەندان لایف

دوای ئەوەی دوساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەند و ئەکتەر، پشتیوان بەدەوی، هەواڵ عوسمان ساڵیادی مردنی دەکاتەوە.

خانمە ئەکتەری کورد ، هەواڵ عوسمان، لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لەبارەی کۆچی دوایی هاوسەرەکەی دەنوسێت، " دوای تۆ تەنیا مامەوە، ئازیزەکەم پشتیوان، تامەزرۆی دیدارتم، حەزدەکەم سەرم بنێم بە دڵتەوە و گوێ بۆ ترپەکانی بگرم، وەکو گوڵێک کە لە گوڵشەن و بولبول دورخرابێتەوە ئاوارە و وێڵم بۆت، هێندەی فرمێسکەکانم و هێندەی جوانیی پێکەنینەکانت بیرت دەکەم، بۆیە ناهەقم مەگرە کە دەڵێم تەنیا و بێکەست کردوم"

لە درێژەی نوسینەکەیدا وتی "خەو لە چاوانم تۆرا، فرمێسک باری و ئاسمانم گریاند، دەربەدەر و بێڕۆح بوم، مامەوە خۆم و ماڵی چۆڵم و یادی تۆ، هەر رۆژێک بەبێ تۆ وەکو ساڵێکی نەهات لێم دەڕوات، هێندەی دوریت ئازار دەچێژم تاقانەکەم، دەمەوێت هەناسەکانم بیت تاکو ژین لە جەستەمدا بێت ژینی من بیت، تەنانەت ڕۆژێک نییە بۆت نەگریابم، خەڵکی ساڵی جارێک یادی ئازیزانیان دەکەنەوە بەڵام من هەمو رۆژێک یادت دەکەمەوە، تۆ تەنها بە جەستە لێم دوریت ئەگینا ئاوێتە و ئاوێزانی رۆحمیت، ئێستاش هەر وەک جاران خۆشم دەوێیت"

هەواڵ عوسمان لەساڵی 1977 لەدایکبوە، خوشکی هونەرمەند بەیان عوسمانە، کە ناسراوە بە وەنەوشە، بەشی شانۆی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان تەواوکردوە، ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ پشتیوانی نوری بەدەوی پێکهێنا، خاوەنی دو کچە.

ئه‌م بابه‌ته 40710 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP