بە پێی تەمەنت چ خۆراکێک بۆ تۆ گونجاوە؟

خەندان لایف

یەکێک لەو میتۆدانەی خەڵکی بەکاردەهێنێت هەڵبژاردنی سیستمی خۆراکی گونجاوە، بەڵام جەستەی هیچ دو کەسێک وەکو یەک نیە، بۆیە ئەو خۆراکەی بۆ کەسێکی دیکە گونجاوە، مەرج نیە بۆ تۆش بە هەمان شێوە بێت، دەتوانیت بە پێی تەمەنت سیستمی خۆراکی گونجاو هەڵبژێریت.

تەمەنی هەرزەکاری
لەم تەمەندا جەستە گەشەدەکات، پێویستە ئەو خۆراکانەی هەڵیدەبژێریت لەڕوی بەهای خۆراکیەوە دەوڵەمەندن بن بە ئاسن، پرۆتین، کالسیۆم، لەم تەمەندا بەهیچ شێوەیەک نابێت ژەمی بەیانیان فەرامۆش بکرێت.

تەمەنی 20 بەرەو سەرەوە
پێویستە خۆراکەکانت تەندروست بێت، دوربکەوە لە خواردنی چپسی پەتاتە و گەنمەشامی، ماست لە بری ئایسکرێم بخۆ، مریشکی کوڵاو لە بری مریشکی سورەوەکراو بخۆ، گرنگی بەو خۆراکانە بدە کە دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا 3، فۆلیک ئەسید، سەوزەوات، نان، پاستا، گوێز، سەلەمون.

تەمەنی 30 بەرەو سەرەوە

پێویستە گرنگی بەو خۆراکانە بدەیت کە ماسولکە بنیاد دەنێن و ئێس بەهێز دەکەن، وەکو هێلکە کە دەوڵەمەندە بە پرۆتین، هەروەها شیر، گوێز، بادەم، سنگی مریشک، ماست بکە بە هاوڕێت لە ژەمەکانتدا.

تەمەنی 40 بەرەو سەرەوە
پێویستە ئەو خۆراکانە بخۆیت کە شەکری خوێن هاوسەنگ دەکەن و مێتابۆلیزمی لەش بەرزدەکاتەوە، هەروەها دڵنیابەرەوە لەوەی ئەو خۆراکانە بخۆیت کە دەوڵەمەندن بە ریشاڵ، وەکو برۆکلی، پەتاتە، دانەوێڵە، دوربکەوە لە خواردنە خێراکان، دەتوانیت لە بری ئەوە بێرگەری سەوزە بخۆیت، کە دەوڵەمەندە بە ریشاڵ، هەروەها لە کاتی ئامادەکردنی بێرگەر دڵنیابەرەوە لەوەی لە ماڵەوە ئامادەی بکەیت، هەروەها ئەو بەرهەمە سپیاییانە بخۆ کە چەوری تێدا نیە، گرنگی بە خواردنی پرۆتین بدە.

تەمەنی 50 بەرەو سەرەوە
لەم تەمەنەدا مێتابۆلیزمی جەستە کەم دەکات، بۆیە باشترە گرنگی بەو خۆراکانە بدرێت کە بۆ هەرس کردن ئاسانن، هەوڵبدە شیر و بادەم بخۆ، هەروەها ئەڤۆکادۆ، برۆکۆلی، بێری، فستق، گوێز، سپێناغ بەسودە، سێو یارمەتی کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵ دەدات.

تەمەنی 60 بەرەو سەرەوە
پێویستە ئەو ژەمانەی رۆژانە دەیخۆیت 5 بەشی سەوزە بێت، دو بەشی میوە بێت، هەروەها ئەو خۆراکانە بخۆ کە دەوڵەمەندن بە ئاسن وەکو سپێناغ، پاقلەمەنیەکان، نیسک، هەوڵبدە خواردنی خوێ کەم بکەیتەوە، پێش ئەوەی هەر خۆراکێک بکڕیت تەماشای رێژەی خوێیەکەی بکە، ئاو زۆر بخۆ، هەتا دەتوانیت دوربکەوە لە خواردنە خێراکان.

ئه‌م بابه‌ته 31185 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP