نوستن لە جیم باشترە بۆ دابەزاندنی کێش


خەندان لایف

شارەزایەکی بریتانی ئاشکرایکرد نوستن بە بڕی پێویست باشترە لە رۆیشتن بۆ جیم، بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت کێش زیادەی جەستەیان دابەزێنن.

دکتۆر گی میداوس لە میانەی چاو پێکەوتنێکدا لەگەڵ Mirror Online وتی "کاتێک ئێمە لەم جیهانە سەرقاڵەدا ژیان دەکەین، زۆر کەس لێم دەپرسن ئێمە پێش ئەوەی برۆین بۆ سەر کار، چەند کاتژمێرێک زوتر دەڕۆین بۆ جیم، ئایا ئەمە کارێکی باشە یان نا".

ئەو شارەزایە ئەوەی خستەڕو "وەرزش کردن و راهێنان گرنگە بۆ ئەوەی جەستەت بە جوانی و تەندروستی بهێڵیتەوە، بەڵام نەک لەسەر حساب کاتی نوستنت ئەو راهێنانە ئەنجام بدەیت، ئەگەر دەتەوێت لەشێکی جوان و رێکت هەبێت دەبێت بە بڕی پێویست بخەویت".

دکتۆر میداوس ئەوەشی خستەڕو، بڕی نوستن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، بەڵام بە گشتی هەر تاکێک پێویستی بە 8 کاتژمێر نوستن هەیە، بۆ ئەوەی بە رۆژ چالاک بێت.

وتیشی " ئەگەر مەبەستت لە رۆیشتن بۆ جیم ئەوەیە کێشت دابەزێنیت، ئەوا بڕی پێویست نوستن باشترە، چونکە نوستن دەبێتە هۆی رێکخستنی هۆڕمۆنی لێپتین و گریلین، کە بەرپرسە لە کۆنترۆڵکردنی هەستی برسێتی".

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد " ئەو کەسانەی بڕی پێویست ناخەون ئارەزوی خواردنیان زیاد دەبێت، 300 کالۆری زیاتر دەخۆن لەو کەسانەی بڕی پێویست دەخەون".

ئه‌م بابه‌ته 13270 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP