8 رێنمایی زانستی کاریگەر بۆ ئارامکردنەوەی دەرون

خەندان لایف

بە گشتی هەمو کەسێک کاتێک لە ژیانیدا بەربەست دێتە سەر رێگای هەست بە نیگەرانی و سترێس دەکات، پێویستە دەرونی ئارام بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت هەست بە باشتر بون بکات و ئاسانتر ئەودۆخە تێبپەڕێنێت، ماڵپەری عەرەبیە چەند رێنماییەکی کاریگەری بڵاوکردوەتەوە بۆ ئارامکردنەوە دەرون.

یەکەم: هەناسەدان

کاتێک بە قوڵی و هێواشی هەناسە دەدەیت دەرون ئارام دەبێتەوە، بۆ ماوەی چەند چرکەیەک چاوت دابخە و هەناسەی قوڵ هەڵبمژە، دوای چەند چرکەیەک هەناسە بدەرەوە، چەند جارێک دوبارەی بکەرەوە.

دوەم: تەماشاکردنی مەلەکردنی ماسی
دەتوانیت لە ماڵەوە تەماشای مەلەکردنی ماسی بکەیت، یارمەتیدەرێکی زۆر باشە بۆ هێمنکردنەوە و ئارامکردنەوەی مێشک، هەروەها یارمەتی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن دەدات، لە توێژینەوەیەکی زانسیتدا دەرکەوتوە ئەو کەسانەی لە ماڵەوە ماسی بەخێودەکەن ئارامتر و دڵخۆشترن.

سێیەم: وەرزشکردن
تەنها پێنج خولەک وەرزشکردن یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی مێشک ئارام ببێتەوە و هەست بە ئاسودەیی بکەیت، دۆخی دەرونیت باشتر دەبێت، شەوان باشتر دەخەویت.

چوارەم: گوێگرتن لە میوزیک
دۆخی دەرونیت باشتر دەکات، سەرنجت زیاتر دەبێت، بەڵام پێویستە بە سەرنجەوە گوێبگریت.

پێنجەم: یارمەتیدانی کەسانی دیکە
پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانت باشتر دەبێت و زیاتر هەست بە دڵخۆشی دەکەیت، سترێست کەم دەبێتەوە، تەنانەت دڵت باشتر لێدەدات و کاریگەری ئەرێنی لەسەر سیستمی بەرگری لەش دەبێت.

شەشەم: پیاسەکردن لە شوێنی کراوە
پیاسەکردن لە شوێنی فراوان و سروشت وادەکات تاک باشتر توانای بیرکردنەوەی هەبێت، زیاتر پشو بە مێشکی بدات، لە توێژینەویەکدا دەرکەوتوە مانەوەی 20 خولەک لە باخچە یان پارک وادەکات زیاتر سەرنجت هەبێت.

حەوتەم: ماوەیەک پشو وەربگرە
بەردەوام بون لەسەر ئەو رۆتیناتەی ژیانت دەرونت ماندو دەکات، مانگی جارێک پێویستە چەند رۆژێک تەرخان بکەیت بۆ ئەوەی لە تەواوی ئەو رۆتیناتەی ژیانت دوربکەویتەوە و پشو وەربگریت، گەشت بکەیت، یان لەو شوێنە دوربکەوەرەوە.

هەشتەم: وێناکردن
یارمەتی ئارامکردنەوەی مێشک دەدات، بەوەی چاوت دابخەیت و بیهێنیتە پێش چاوت لەو شوێنەیت کە ئارەزوت لێیەتی، گوێبیستی دەنگی چۆلەکە و دەنگی شەپۆلی دەریا دەبیت، بەم شێوەیە ئارام دەبیتەوە.

ئه‌م بابه‌ته 11176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP