کۆنترۆڵی هەڵسوکەوتی منداڵەکەت لەدەستداوە؟
بەم شێوازە چارەسەری بکە


خەندان لایف

رەفتاری منداڵان رەنگدانەوەی رەفتاری دایک و باوکانن، بەڵام هەندێکجار بە پێچەوانەوە ئەو رەفتارەی منداڵەکەت دەیکات بە پێچەوانەوەی ویستەکانی تۆوەیە و زۆر جار کۆنترۆڵکردنی لەدەست دەدەیت، کە نازانیت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت، پێویستە ئەم چەند رێنماییە جێبەجێ بکەیت بۆ ئەوەی لە منداڵەکەت نزیک ببیتەوە و هەڵسوکەوتەکانی باشتر بکەیت.

یەکەم: دەرئەنجامی کارەکانی نیشان بدە

گرنگە بۆ منداڵەکەتی رون بکەیتەوە کە دەرئەنجامی کارەکانی چی لێدەکەوێتەوە، بۆ نمونە ئەگەر رەتی کردەوە نان بخوات، پێی بڵێ ئەگەر نانی نیوەڕۆ نەخوات ئەوا تا کاتی نانی ئێوارە بە برسێتی دەمێنێتەوە، چونکە منداڵان زۆر جار نازانن ئەنجامی رەفتارەکانیان چی لێدەکەوێتەوە.

دوەم: رێگە بدە لە هەڵەکانیەوە فێر ببێت
هەمیشە منداڵەکەت مەپارێزە، بەڵکو بهێڵە لە هەڵەکانیەوە فێر ببێت، بۆ نمونە هەمیشە بە منداڵەکەت مەڵێ وانەکانت بخوێنە، رێگە بدە لە وانەکەیدا دەرنەچێت بۆ ئەوەی فێر ببێت.

سێیەم: هۆکاری ئەو رەفتارانەی بدۆزەرەوە
ئەو هۆکارانە بدۆزەرەوە کە وادەکات منداڵەکەت ئەو رەفتارانە بکات کە بە خواستی تۆ نیە، ئەگەر منداڵەکەت لە مارکێتێک گریا، هاوار مەکە و بڵێی بێدەنگ بە، بەڵکو لێی بپرسە هۆکاری گریانەکەی چیە، رەنگە برسی بێت یان ماندو بێت.

چوارەم: سزای بدە بە پێی تەمەنەکەی
بۆ نمونە ئەگەر منداڵەکەت تەمەنی کەمە، یاری و بوکەڵەکانی لێدوربخەرەوە، ئەگەر مێرمنداڵە رێگەمەدە لەگەڵ هاوڕێکانیدا بڕواتە دەرەوە تا ئەو کاتەی رەفتارەکانی راست دەکاتەوە.

پێنجەم: نیشانی بدە کە بیرکردنەوەکانی گرنگن
کاتێک منداڵەکەت رای خۆی دەردەبڕێت نیشانی بدە کە بیر و بۆچونەکانی بەبەهان، ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی کەسایەتی منداڵەکەت بنیاد بنێیت، بۆ نمونە ئەگەر رەتی کردەوە لەگەڵت بێت بۆ شوێنێک، زۆری لێمەکە، تەنها هەوڵبدە لە هۆکارەکەی تێبگەیت بۆچی رەتی دەکاتەوە ئەو کارە ئەنجام بدات.

شەشەم: فێری بکە رێزت بگرێت
منداڵەکەت فێربکە کە تۆ زیاتر لە هاوڕێیەکی بۆ ئەو، پێویستە رێزت بگرێت.

حەوتەم: فێری بکە سوپاسگوزاری ئەو شتە جوانەکانی ژیانی بێت
گرنگە فێری بکەیت سوپاسگوزار بێت بۆ ئەو شتانەی لە ژیانیدا بەدەستی هێناوە، پێویستە بزانێت ئەو جل و یاریە نوێیانەی ئەو هەیەتی هەمو منداڵێکی دیکە نیەتی.

ئه‌م بابه‌ته 13103 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP