توێژینەوەیەک: پێنج خوی رۆژانە دەبنە هۆی تەمەن درێژی


خەندان لایف

زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی لە نوێترین توێژینەوەیدا رایگەیاند،  پێنج خوی تەندروستی رۆژانە وا دەکەن مرۆڤ بۆ ماوەیەک زیاتر و بە تەندروستییەکی باشترەوە ژیان بکات.

بە گوێرەی توێژینەوەکە خوە تەندروستییەکان کە کاریگەری بەرچاویان لەسەر تەمەن هەیە بریتین لە خۆبەدورگرتن لە جگەرەکێشان، پەیڕەویکردن لە سیستەمێکی خۆراکی تەندروست، وەرزشکردنێکی بە بەرنامە، پارێزگاریکردن لە کێشی لەش بە ئاستێکی گونجاو و زیادەڕەوی نەکردن لە خواردنەوە کحولییەکان تەنانەت لە تەمەنی پێگەشتویشدا لەو هۆکارانەن کە رۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە دورخستنەوەی مرۆڤ لە نەخۆشی مەترسیدار.

هاوکات لە توێژینەوەکەدا رونکراوەتەوە، ئەو هۆکارانەی سەرەوە بە یەکەوە دەتوانن هاوکاری مرۆڤ بن بۆ ئەوەی تەمەنێکی درێژ و بە تەندروستییەکی باشەوە بژیت کە دروبێت لە نەخۆشیەکانی شەکرە، دڵ، خوێن و شێرپەنجە.
 

توێژینەوەکەی زانکۆی هاردڤارد بەردەوامیدانە بە هەمان توێژینەوەی ساڵی 2018  کە تایبەتە بە چۆنیەتی کاریگەری ژیانکردن لەسەر تێکڕایی تەمەن کە ماوەی 34  ساڵە توێژینەوەکە بەردەوامە و 73 هەزار  ئافرەت و 38  هەزار پیاو بەشداریان لەو توێژینەوەیەدا کردوە.

بە گوێرەی توێژینەوەکە لەناو ژناندا ئەوانەی پەیڕەویان لەو خوانە کردوە و رۆژانە پێوەی پابەند بون بە تێکڕایی 34.4  ساڵ بەبێ توشبون بە نەخۆشیەکانی شەکرە و دڵ و شێرپەنجە ژیاون بەبەراورد بەوانەی کە بەرنامەیان نەبوە کە بە تێکڕا 23.7  ساڵ بەبێ توشبون بەو جۆرە نەخۆشیانە ژیاون.

هاوکات بۆ پیاوانیش لە  ئامارەکەدا رونکراوەتەوە کە ئەوانەی پابەندی ئەو سیستەمە تەندروستی و خۆراکیانە بون بە تێکڕا 31.1 ساڵ بەبێ ئەو نەخۆشیانە ژیاون، بەڵام ئەوانەی پابەند نەبون بە تێکڕا 23.5  ساڵ لەو نەخۆشیانە بەدور بون.

ئه‌م بابه‌ته 11423 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP