نەڤید زەردی وازی لەگۆرانی وتن هێنا و سەرجەم پۆستەکانی سڕیەوە

خەندان لایف

هونەرمەندی گۆرانیبێژ نەڤید زەردی، تەواوی پۆستەکانی لەلاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام سڕیەوە، بۆ ماوەیەک پشو وەردەگرێت و لە کاری هونەری دوردەکەوێتەوە.

نەڤید زەردی، لە رونکردنەوەیەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام و فەیسبوک باس لە ماوەی کارکردنی دەکات لە بواری هونەری و دەڵێت " هەمو ئەو ساڵانەی ژیانم، خۆم زۆر هیلاک و ماندوکرد، هیچکات کاتم بۆ خۆم و بۆ بنەماڵەکەمنەبو، پارە، ناوبانگ، دەسەڵات و بەڕێوبەرایەتی هیچ کات دڵخۆشی نەکردم و زیاتر لە چوار ساڵیشە من یەک شەو بە ئارامی نەخەوتوم، لەبەر ئەوەی ئەوەندەم دڵەڕاوکێم بۆ خۆم دروست کردوە، کە چێژ لە هیچ شتێک و تەنانەت هیچ شۆێنێکیش نابینم".

وتیشی " ئاواتەخوازبوم خزمەت بە وڵات و خەڵک بکەم و بەپێی تواناکانم کورد بە جیهان بناسێنم، تاڕادەیەکیش توانیم ئەوە بە ئەنجام بگەیەنم، هاوکاریی چەندین هونەرمەندی تریش بوم، بەڵام لە کۆتاییدا نەک تەنها بێوەفایی، بەڵکو خراپەشم بەرامبەر کراوە، وردە وردە کە هەست بە پێنەزانینی خەڵکی دەکەیت و دەبینیت ناحەقیت بەرامبەر دەکەن، ئیتر دەتەوێت دور بیت لێیان و لە تەنیایی خۆتدا دڵتەنگ بیت بۆ ئەوەی جارێکی تر خۆت بدۆزیتەوە".

نەڤید زەردی دەربارەی ئەوەی زەوی و پرۆژەی وەرگرتبێت رونکردنەوەی دا و رایگەیاند " لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا هەزاران قسە کراوە، کە گوایە من زەویم وەرگرتبێت یان پڕۆژەیەکم لەلایەن کەسانێکەوە پێ بەخشرابێت، بەڵام تا ئێستاش خاوەن هیچ زەوییەک و پڕۆژەیەکی تجاری نیم".

دەربارەی دورکەوتنەوەی لە کاری هونەری ئەوەی خستەرو " تەنها هەست بە ماندویەتی دەکەم و دەمەوێ خۆم و مێشکم ئارام کەمەوە تا بزانم چیم بەسەر دێت و ژیان بەرەو کوێم دەبات، بێزارم لەو فەوزا و قەرەباڵغی و نمایشەی رۆژانە، کە پڕ لە درۆ و دو ڕوییە، ئەوە پشودانێکە، کە دەمەوێ بە مێشک و بە ژیانی خۆمی بدەم بۆ ئەوەی کە بیر لە خۆم بکەمەوە و بزانم تا ئێستا چۆن هاتوم، چیم کردوە، تا بتوانم ڕاستگۆیانە لەگەڵ خۆمدا ژیانم بە جێیەکی باش بگەیێنم".

هاوکات نەڤید سوپاسی هەوادارەکانی کرد کە لەماوەی ئەم چەند ساڵە لەگەڵیبون، وتی" رۆژێک بە شێوازێکی نوێ ئەگەر تەمەن و ژیان رێی پێ بدات و بگەمە ئارامی، ئەوا دێمەوە وجارێکی تر خزمەتتان دەکەم".

نەڤید زەردی لەدایکبوی شاری مەھابادی رۆژھەڵاتی کوردستانە، لەساڵی 2004وە دەستی بە کاری هونەری کردوە و خاوەنی چەندین گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپە،  ماوەی چەند ساڵێکە لە وڵاتی ئەڵمانیا ژیان بەسەر دەبات.

ئه‌م بابه‌ته 23515 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP