هونەرمەندێکی ئەمریکی بەهۆی کوشتنی قاسم سولەیمانی داوای لێبوردن لە ئێران دەکات

خەندان لایف

دوای ئەوەی به‌ره‌به‌یانی هه‌ینی، له‌ هێرشێكی موشه‌كی فرۆكه‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر دو ئۆتۆمبێل له‌ نزیك فرۆكه‌خانه‌ی به‌غداد، هه‌ریه‌ك له‌ قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی گشتی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئه‌بو مهدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و نۆ كه‌سی دیكه‌ كوژران، رۆز مکگوان هاتە دەنگ و داوای لێبوردنی لە ئێران کرد.

هونەرمەند و ئەکتەری ئەمریکی رۆز مکگوان، لە تویتێکدا لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت "ئێرانی ئازیز، ویلایەتە یەکگرتوەکان بێڕێزی بە وڵاتەکەت، ئاڵاکەت، خەڵکەکەت کرد، بەڵام %52ی خەڵکی ئێمە داوای لێبوردنت لێدەکات، ئێمە ئاشتیمان دەوێت لەگەڵ نەتەوەکەت، ئێمە بە بارمتە دەگیرێین لەلایەن رژێمێکی تیرۆرستەوە کە نازانین چۆن لێی هەڵبێین، تکایە مەمانکوژن".

ئەم تویتەی رۆز مکگوان لە ژێر هاشتاکی "سولەیمانی" بڵاوکرایەوە، لەگەڵ ئەوەی هێرشێکی زۆر کرایە سەر خانمە هونەرمەندی ناوبراو، بەڵام ئەو وتی "من لایەنگری ئێران نیم، بەڵام بەهەمان شێوەش لایەنگری ئەمریکاش نیم، ئاشتیم دەوێت نامەوێت هیچ سەربازێکی دیکەی ئەمریکی بکوژرێت".

رۆز مکگوان لەدایکبوی ساڵی 1973، یەکێکە لە خانمە ئەکتەر و مۆدێلە ناسراوەکانی ئەمریکا، بەشداری دەیان فیلمی کردوە، هاوکات یەکێکە لە چالاکوان و کەسایەتییە کاریگەرەکان، بە یەکێک لە سەربەخۆترین خانمانی یەک دەیەی رابردو هەڵبژێردرا.

ئه‌م بابه‌ته 14795 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP