نێت تیڤی رونکردنەوە لەبارەی بەرنامەکەی فەرهاد پیرباڵ بڵاودەکاتەوە

خەندان لایف

کەناڵی نێت تیڤی رونکردنەوە لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاودەکاتەوە و رەتی دەکەنەوە هیچ بێڕێزیەکیان بەرامبەر فەرهاد پیرباڵ ئەنجامدابێت.

کەناڵی نێت تیڤی لە پێگەی فەرمی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رونکردنەوە دەربارەی ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکەنەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبوەتەوە و رایانگەیاند، " ئێمە لە نێت تیڤی تەواوی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە، ئەو بەڕێزەی میوانی بەرنامەکە بو هیچ قسەیەکی نەشیاوی بەرامبەر نەکراوە و هیچ کارمەندێکی نێت تیڤی هەڵسوکەوتێکی ناشایستەی بەرامبەر ئەو کەسە بەڕێزە ئەنجامنەداوە، تەنیا ئەوە نەبێت کە لەبەر پەیوەستیمان بە بەڵێنمان بە بینەرانمان ناچاربوین کە دوای تەواوبونی بڕگەی بەڕێزیان بەردەوامی بە بڕگەکانی دیکەی بەرنامەکە بدەین".

لە رونکردنەوەکەشدا ئاماژەبەوەکرا " هەمو مرۆڤێک لای ئێمە رێزلێگیراوە و هەمیشە هەوڵمانداوە نێت تیڤی بکەینە سەکۆی گەیاندنی دەنگی بێ نەوایان، هەمیشە پاڵپشت و داکۆکیکاری سەختی هەموو ئەو بەڕێزانە بوین کە ویستویانە لە نێت تیڤییەوە بەرگری لە ماف و ئازادییەکانیان بکەن."

نێت تیڤی ئەو دەنگۆیانەی وەکو هەوڵێک دادەنێت بۆ ناوزراندنی کەناڵەکەیان و دەڵێن " ئەوەی رودەدات هەوڵێکی دیکەیە بۆ لەکەدارکردنی کەناڵەکەمان، بێدەنگی ئێمە لە ئاست هەمو ئەو هەوڵانەش سەرقاڵی زۆرمانە بە پلان و پرۆگرامە نوێیەکانمان لە پێناوی نوێبونەوەی زیاتر و خزمەتکردنی زیاتری بینەران".

ئەم رونکردنەوەیەی نێت تیڤی دوای ئەوە هات کە رۆژی پێنج شەممە فەرهاد پیرباڵ، ئامادەی بەرنامەی ئەڤین ژن و ژیان بو، لەگەڵ دەستپێکردنی ناوبڕێک کۆتایی بە بەرنامەکە هات و تەواوی بەرنامەکە لە لاپەڕەی فەرمی کەناڵەکە سڕایەوە، ئەمەش بوە هۆی ئەوەی دەنگدانەوەی زۆر بەدوای خۆیدا بهێنێت لەناو خەڵکدا، فەرهاد پیرباڵ داوای یاسایی لە دژی کەناڵی ناوبراو و ئەڤین ئاسۆ، پێشکەشکاری بەرنامەکە تۆمارکرد، داوای 200 هەزار دینار قەرەبو لەو کەناڵە دەکات.

 

ئه‌م بابه‌ته 35474 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP