فەرهاد پیرباڵ داوای یاسایی لە دژی ئەڤین ئاسۆ تۆمار دەکات

خەندان لایف

نوسەری ناسراوی کورد فەرهاد پیرباڵ، داوای یاسایی لە دژی کەناڵی نێت تیڤی و پێشکەشکاری کورد ئەڤین ئاسۆ تۆمار دەکات، داوای 200 هەزار دینار قەرەبو دەکات.

شەوی رابردو فەرهاد پیرباڵ لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک دەقی داوا یاساییەکەی بڵاوکردەوە کە لە دژی کەناڵی نێت تیڤی و ئەڤین ئاسۆ تۆماریکردوە، لە داواکەدا فەرهاد پیرباڵ دەڵێت " لەلایەن ئەڤین ئاسۆ کارمەندانی کەناڵی داوالێکراو،  تەکلیف کرام بە ئەنجامدانی بەرنامەیەک، دوای خۆ ئامادەکردنم دەستکرا بە بەرنامەکەم، بێئەوەی هیچ هه‌ڵەیەک بکەم و تەشهیر بە هیچ کەسێک بکەم کۆتاییان بە بەرنامەکە هێنا، بەشێوازێکی ناشیرن لە کەناڵەکە دەرکرام".

فەرهاد پیرباڵ لە درێژەی داواکەیدا ئەوەشی خستەڕو "داوا لە دادگا دەکەم داوالێکراو بانگبکرێت بۆ بەردەم دادگا، پابەند بکرێت بە قەرەبو کردنەوەم بە بڕی 200 هەزار دینار، مافەکانی دیکەم دەپارێزم بە داوایەکی تێهەڵکێش لەکاتی دیاری کردنی پارەی قەرەبو لەلایەن چەند شارەزایەکی ئەم بوارە".

ئەمە دوای ئەوەی هات کە رۆژی پێنج شەممە فەرهاد پیرباڵ، ئامادەی بەرنامەی ئەڤین ژن و ژیان بو، پێش کۆتایی هاتنی ماوەی دیاری کراو کۆتایی بە بەرنامەکە هات، تەواوی بەرنامەکە لە لاپەڕەی فەرمی کەناڵەکە سڕایەوە، ئەمەش بوە هۆی ئەوەی دەنگدانەوەی زۆر بەدوای خۆیدا بهێنێت لەناو خەڵکدا، تائێستا کەناڵی ناوبراو هیچ رونکردنەوەیەکی دەربارەی ئەو بابەتە بڵاونەکردوەتەوە.

ئه‌م بابه‌ته 25526 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP