هێلی لەڤ رونکردنەوە دەربارەی ڤیدیۆ کلیپەکەی بڵاودەکاتەوە و دەڵێت هەڕەشەی کوشتنم لێکراوە

خەندان لایف

هێلی لەڤ رونکردنەوە دەربارەی نوێرین ڤیدیۆ کلیپی بڵاودەکاتەوە، کە لە چەند رۆژی رابردو بڵاویکردەوە، بەڵام روبەڕوی رەخەیەکی زۆر بوەیەوە، بە شێوەیەک کە ژمارەی دیسلایەکەکانی زۆرتر بو لە ژمارەی لایەکەکان.

هێلی لەڤ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام دەربارەی ڤیدیۆ کلیپەکەی رونکردنەوە دەدات و دەڵێت "ئەم رونکردنەوەیەم بۆ بینەر و بیسەرەکانمە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات، چەند رۆژێک پێش ئێستا گۆرانیە نوێیەکەم بڵاوکردەوە کە دەنگۆ و گرژی دروستکرد بەتایبەتی لە نێوان پیاواندا".

"لەو کاتەوەی ئەو گۆرانییەم بڵاوکردوەتەوە چەند هەرەشەیەکی کوشتنم پێگەیشتوە، چونکە هونەرمەندێکم هەوڵ دەدەم بە تێکستی بەهێز و جوڵەی دانس دەربڕینەکانم بخەمەڕو، کاردانەوەکە هاوشێوەی ئەوەیە کە لە 2014 رویدا کاتێک ڤیدیۆ کلیپی Risk at allم بڵاوکردەوە". هێلی وتی.

هێلی لەڤ دەربارەی کارەکانی ئەوەی خستەرو "کاری من هەوڵێکە بۆ دروستکردنی جوڵانەوەیەکی بەهێز و مانادار بۆ ژنان، لە وڵاتێکدا کە پیاو باڵادەستە، من هەمیشە بۆچونی خۆم دەربڕیوە و هەوڵمداوە قسەبکەم و ئەو دیوارانە بشکێنم کە زۆر کەس ناوێرن بیکەن، پێش ئەوەی بڕیار لەسەر من بدەیت دەبێت هەوڵبدەیت لە خۆم و هۆکارەکەی بگەیت".

دەربارەی ئەو هه‌ڵمەتەی لە تۆڕە کۆمه‌ڵایەتییەکان دەستی پێکردوە بۆ دیسلایکی ڤیدیۆ کلیپەکەی، رایگەیاند "هەمو کارێک دەکەن بۆ بێدەنگ کردنم، دەستیان کردوە بە دیسلایکی کلیپیەکەم، بەڵام من ئەم ڤیدیۆیەم دروستکردوە بە مەبەستی ئەوەی میوزیک بە ئاستی نێودەوڵەتی بگەیەنم بۆ ئەوەی سروشێک بدەمە ژنان تا بەهێزبن، ئازابن، خاوەن بڕیاربن و هەست نەکەن پێویستیان بەوەیە پشت بە کەسێکی دیکە ببەستن".

لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دەوترا ئەم ڤیدیۆ کلیپە دژی پیاوانە، هێلی ئاشکرایکرد "دەمەوێت بەو پیاوانە بڵێم کە ناکۆکن لەگەڵ ئەم جوڵانەوەیە، من لە دژی ئێوە ناوەستم، لە راستیدا ئەوپەڕی رێز و پێزانینم هەیە بۆتان، ئێمە ناتوانین بۆ کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن پێشبکەوین ئەگەر هەمو کارێکی هونەرمەندان پێش تێگەیشتن لە ناوەرۆکەکەی روبەڕوی رەخنە ببێتەوە".

هێلی لەڤ داوای کرد کراوەتر بن و پاڵپشتیکار بن بۆ ئایندەیەک کە رێگە بە ژنان بدات هەستەکانی خۆیان دەرببڕن و دوای خەونەکانیان بکەون.

لە کۆتاییدا سوپاسی هەمو ئەو کەسانەی کرد کە پاڵپشتی هێلی لەڤیان کردوە، وتی "گرنگ نیە چی رودەدات من هانتان دەدەم بۆ ئەوەی هەمو هەوڵێک بدەن تاوەکو نەرێنیەکانی ژیانتان بگۆڕن بۆ ئەرێنی".

13ی ئەم مانگە هێلی لەڤ ڤیدیۆ کلیپی بۆی بای بڵاوکردەوە، لە ماوەی کەمتر لە سێ رۆژدا 1.1 ملیۆن بینەری هەبو، لە ماوەیەکی کەمدا دەنگدانەوەیەگی گەورەی بەدواهات، بەشێک لە هاوڵاتیان پێیان وابو ئەم گۆرانییە لە دژی پیاوانە و بێرێزی کردنە بە پیاوان.

ئه‌م بابه‌ته 78995 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP