سەنا بەرزنجی بۆ یەکەمینجار وێنەی خۆی بڵاودەکاتەوە و هۆکاری دەرنەکەوتنی ئاشکرا دەکات

خەندان لایف

خانمە گۆرانیبێژی کوردستان سەنا بەرزنجی بۆ یەکەمینجار وێنەی خۆی بڵاوکردەوە و هۆکاری دەرنەکەوتنی بۆ بینەرانی خستەڕو.

سەنا بەرزنجی لە تۆڕی کۆمه‌ڵایەتی ئینستاگرام رایگەیاند "من لەم چەند ساڵەدا هەوڵمداوە بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە کاربکەم و هونەرەکەم پەرەپێبدەم و بە جوانترین شێوە نیشانی خەڵکی کوردستانی بدەم، من لەناو بنەماڵەیەکم کە رەنگە دەرکەوتن بۆ من ئاسان نەبێت بە بەردەوامی لە کلیپەکاندا دەربکەوم، دەمەوێت سەرنجم لەسەر ئەو هۆنراوە و تێکستانە بێت کە هه‌ڵیدەبژێرم".

وتیشی "بڕوا ناکەم دەرکەوتنی من گرنگی هەبێت، بەڵام ئەوە بۆ من گرنگە دەنگم زیاتر پەرەپێبدەم بۆ ئەوەی خزمەتی هونەری کوردی بکەم، ئەو رێگایەی هونەرمەندانی پێشو دروستیان کردوە من بتوانم درێژەی پێبدەم".

دەربارەی کچە مۆدێل "باڤی" کە لە کلیپی پاشای دڵ رۆڵی سەنای بینی، سەنا دەڵێت "ماوەیەک پێش ئێستا هەمو بینەران وایان زانی ئەو کچە منم، ئێمەش هیچ رونکردنەوەمان لەسەر نەدا چونکە بۆ من و کۆمپانیای فەیمەس پرۆدەکشن بابەتێکی گرنگ نەبو، لەو کاتەدا ئەو شتەی کە دەبو سەرنجمان لەسەری بێت ئەلبومی راز بو".

سەنا دەربارەی دەرکەوتنی لە داهاتودا ئەوەی خستەڕو "ئەمرۆ بێت یان سبەینێ هەر کاتێک بە پێویستی بزانم لە کۆنسێرت یان کلیپەکانم دەردەکەوم، بە دڵنیایی یەکتر دەبینین، بەڵام من دەمەوێت سۆزی دەنگم لە یادی ئێوە بمێنێت".

سەنا لە ئێستادا سەرقاڵی دەرکردنی ئەلبومی رازە، بڕیارە لە 12ی ئەم مانگە کاتژمێر 8 گۆرانی راز بڵاوبکاتەوە.

 

ئه‌م بابه‌ته 32465 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP