ئه‌و هۆكارانه‌ى ده‌بنه‌ هۆى ناڕێكی سوڕى مانگانه‌

خەندان لایف- شنه‌ عومه‌ر عه‌لى

‎بەشێوەیەكی گشتی ماوەی نێوان هەرسوڕێكی مانگانە 28 رۆژە، بەڵام ئەگەر ئەم ماوەیە زیاتر بو واتە لەنێوان 21 – 35 رۆژدا بو، ئەوا هەر بە سروشتی دانراوەو هیچ گرفتێكی نیە لەروی تەندروستییەوە، دواكەوتنی سوڕی مانگانە سەرەكیترین سەرچاوەی دڵەڕاوكێ‌ و ناسەقامگیریە لەخانماندا، جگەلەو حاڵەتانەی كە بەهۆی سكپڕیەوە رودەدەن، بەڵام سكپڕی فاكتەری سەرەكی نیە بۆ دواخستنی سوڕی مانگانە، هەروەها سوڕى مانگانه‌ ده‌ستنیشانكه‌رێكی گرنگه‌ بۆ دیاریكردنی بارودۆخى گشتیى ته‌ندروستیت، لێرەدا چەند هۆكارێك هەن كە كاریگەرییان هەیە ده‌بنه‌  تێكچونى سوڕى مانگانه‌.

یەکەم: ناهاوسه‌نگی هۆرمۆن
خانمان به‌ شێوه‌یه‌كى ئاسایی  21-35 رۆژ جارێك ده‌كه‌ونه‌ سوڕى مانگانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر زوتر یاخود دره‌نگتر له‌ واده‌ى خۆى بێت، ده‌كرێت نیشانه‌ى تێكچونی هاوسه‌نگی هۆڕمۆنه‌كان بێت كه‌ ده‌بنه‌ هۆى سه‌رهه‌ڵدانی قه‌له‌قی، سه‌رئێشه‌، بێهێزى، توڕه‌یی، ئاره‌ق كردنه‌وه‌ له‌ شه‌واندا و زیادبونی كێشی له‌ش.

دوەم: په‌یدا بوونی كێشه‌ له‌ ئێسكدا
هاوسه‌نگیی سروشتى له‌ نێوان هۆڕمۆنی ئیسترۆجین، پڕۆجیسترۆن و تێستێستیرۆن، ته‌ندروستی ئێسكه‌كان ده‌رده‌خه‌ن، ئه‌گه‌ر سوڕى مانگانه‌ بشێوێت، ده‌كرێت نیشانه‌ى ناته‌واوى ئێسكه‌كان بن.

سێیەم: كێشه‌ له‌ غوده‌ى ده‌ره‌قیدا
ناڕێكی سوڕى مانگانه‌ بۆى هه‌یه‌ له‌ ئه‌نجامی كێشه‌یه‌ك بێت له‌ كار كردنی غوده‌ى ده‌ره‌قییدا، ده‌بێته‌ هۆى هه‌ست كردن به‌ ماندوێتی، زیادبونی كێشی له‌ش، خه‌مۆكی، به‌رزبوونه‌وه‌ى كۆلیستڕۆڵ.

چوارەم: ناڕێكیی كێشى له‌ش
سوڕى مانگانه‌ نیشانده‌رێكی باشه‌ كه‌ ئایا كێشى له‌ش ته‌ندروسته‌ یاخود نا، جگه‌ له‌ زیادبونی كێش، به‌ هه‌مان شێوه‌ دابه‌زینی كێشیش ده‌بێته‌ هۆى تێكچونی سوڕى مانگانه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ رێجیمی قورس و راهێنانی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر، كه‌ له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا سوڕى مانگانه‌ به‌ ته‌واوى ده‌وه‌ستێنێت.

پێنجەم: گوشارى ده‌رونی زیاد له‌ سنور
هۆڕمۆنی "ئه‌دریناڵین" ناسراو به‌ هۆڕمۆنی ترس و دڵه‌ڕاوكێ، له‌ بارودۆخی قه‌له‌قی و گوشارى ده‌رونی ده‌ر ده‌درێت، و كاریگه‌رى نه‌رێنی له‌سه‌ر هاوسه‌نگی هۆرمۆنه‌كانی دیكه‌ به‌جێ ده‌هێڵێت تا ڕاده‌یه‌ك ببێته‌ هۆى رێگرى له‌ دوگیان بون،  ئه‌گه‌ر سوڕى مانگانه‌ت وه‌ستا، پێویسته‌ كه‌مێك كات بۆ خۆت ته‌رخان بكه‌یت و خۆت له‌ قه‌له‌قی و خه‌م خواردن بپارێزیت.

شەشەم: كێشه‌ له‌ كۆئه‌ندامی زاوزێ
ئه‌گه‌ر  سوڕى مانگانه‌ى قورس به‌ڕێ ده‌كه‌یت، خوێنێكى له‌ راده‌به‌ده‌ر ده‌بینیت "نزیف" و هه‌ست به‌ ئازارێك زۆر ده‌كه‌یت، ده‌كرێت ئه‌مانه‌ نیشانه‌ى ناته‌واویه‌ك بن له‌ كۆئه‌ندامی زاوزێ، دكتۆر نارێدرا پیسال پزیشكی پسپۆڕى راوێژكارى ئافره‌تان، ده‌ڵێت ده‌كرێت ئه‌مانه‌ نیشانه‌ى به‌ ریشاڵبونی منداڵدان، "ئیندۆمه‌تریۆسیس" دروستبوونی شانه‌ى منداڵدان له‌ ده‌ره‌وه‌ى منداڵدان، یاخود كیسی سه‌ر هێلكه‌دان بن، ئه‌گه‌ر خوێن به‌ شێوه‌یی كڵۆخوێن ببینیت و له‌ بڕى ئاسایی زیاتر بوو، ده‌بێته‌ هۆى كه‌مخوێنی، هه‌ست كردنی به‌ ماندوێتی تا ڕاده‌ى له‌هۆش چون، پێویسته‌ به‌ زویی سه‌ردانی پزیشكی ئافره‌تان بكه‌یت. 

 

ئه‌م بابه‌ته 31573 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP