ئالین: خۆشی و مەینەتیەكانی هەر پارچەیەكی كوردستان خۆشی مەینەتی منن

خەندان لایف

ئالین لە رۆژئاوای كوردستان لە دایكبوە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێك دەبێت روی لە وڵاتی  دەرەوەی وڵات  کردوە و لەوێوە بەردەوام بوە لە گۆرانی وتن، تا ئێستا چەندین بەرهەمی و دەیان كلیپی بڵاوكردۆتەوە، بەڵام ماوەی زیاتر لە دو ساڵ دەبێت، هیچ بەرهەمێكی نەبوە، سەبارەت بەو بابەتە و چەند بابەتێكی دیكەوە رونکردنەوەی دا.

ئالین تیشكی خستە سەر نەبونی بەرهەمی هونەری لە ماوەی رابردودا و وتی "بێدەنگی و دورە پەرێزیم لە ماوەی دو ساڵی رابردوودا بۆ سێ هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە من سەرقاڵی كار و ژیانی تایبەتی خۆم بووم، دوەمیشیان كاری دبلۆماسیم بە بێدەنگی ئەنجام دەدا، سێیەمیشیان لەبەر خۆ ئامادە كردن بو بۆ بەرهەمێكی نوێی هونەری، ئێستا كلیپێكم بە زمانی سوریانی ئامادەیە لە چوارچێوەی ئەو بەرهەمەی كە باسم كرد".

لەبارەی سرودە نیشتمانییەكان ئالین دەڵێت "خەمی هەر چوار پارچەی كوردستان خەمی منە، و هەر چوار پارچەیان بۆ من وەك رۆژئاڤا وان و جیاوازییان نییە، خۆشی و ناخۆشی و دەرد و مەینەتییەكان هەر پارچەیەكی كوردستان خۆشی و ناخۆش و مەینەتی منن، بەڵام لە ئێستادا رۆژئاڤای كوردستان سەرچاوەی خەم و ناخۆشییە بۆ من"

"لەروی دبلۆماسیشەوە چەندین جار داوام لە دەوڵەتی ئەڵمانیا كرد پێویستە یارمەتیدەر بن بۆ بارودۆخی رۆژئاڤای كوردستان و بە زوترین كات ئازاد و ئارام بێت، لێرەوە داوا لە گشت هێزەكانی رۆژئاڤای كوردستان دەكەم كە یەكتریان خۆش بوێت و لە یەكترییەوە نزیك بن و كاتی خۆیان بۆ برایەتی و یەكریزی تەرخان بكەن، چونكە چەند زو یەكگرتو بن ئەوەندە زو رۆژئاڤا ئازاد و ئارام دەبێت" ئالین وتی.

سەبارەت بە سەردانی كردنی رۆژئاوای كوردستان وتی "تا ئێستا سەردانی رۆژئاوای كوردستانم نەكردوە، هەستێكی بێ سنور دەبێت بەجۆرێك ناتوانم چۆن باسی بكەم ناتوانم وەسفی هەستی خۆم بكەم، چونكە یەكێكە لە  خەونە مێژینەكانم. بەهیوام بتوانم لە هەر چوار پارچەی كۆنسێرت ساز بكەم، چونكە لە هەر چوار پارچەی كوردستان هەواداری من هەیە و ئەوانیش وەك كوردانی رۆژئاوا كەس و خۆشەویستی منن".

سەبارەت بە گرنگیدانی حكومەتی ئەڵمانیا بەكاری هونەری جوان وتی "حكومەتی ئەڵمانیا گرنگی بە بواری هونەر و كەلتور دەدات، بەتایبەتی هونەری باش بەبێ جیاوازی زمانەكان واتە تەنیا گرنگی بە گۆرانی بە زمانی ئەڵمانی نادات، بەڵكو ئەوانەی لە ئەڵمانیا دەژین ئەگەر بیانیش بن حكومەتی پشتگیرییان دەكات، مەبەستیان لەم هاریكارییە پێش خستنی هونەرە لە ئەڵمانیا"

سەبارەت بەو گۆرانیبێژە كوردانەی كە بە زمانی بیانی و ستایلی ئەمریكی وئەوروپی بەرهەمی هونەری پێشكەش دەكەن رایگەیاند "وەك رای تایبەتی خۆم من پشتگیرییان دەكەم و بە كارێكی ئەرێنی دەبینم و خراپ نییە و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم، چونكە لەو رێگایەشەوە دەتوانن خزمەت بە هونەر بكەن، لە هەمان كاتدا دەتوانن پرسی كورد لە رێگای گۆرانییەوە بەو وڵاتانەی بگەیەنن و نزیك ببنەوە لە كەلتوری وڵات و نەتەوەكانی دیكە"

لەبارەی هۆكاری گوتنی گۆرانی بە زمانی بیانی دەلێن ئالین ئاشکرایکرد "من جگە لە زمانی سریانی بە كلدانی و ئاشوریش گۆرانیم وتوە، چونكە كورد و ئەم نەتەوانە هەزاران ساڵە بە یەكەوە دەژین لە كوردستان و ئازار و مەینەتی و خۆشییەكانمان هاوبەش بووە، بۆیە یەكێك لە ئاواتەكانم ئەوە بوە كە لە رێگای هونەرەوە گوزارشت لە برایەتی نێوان كورد و ئەم نەتەوانە بكەم و هیوادارم توانیبێتم لەو روەوە سەركەوتو بم".

ئالین سه‌باره‌ت به‌ نوێكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ كۆنه‌كانی هونه‌رمه‌ندان دوبارە ده‌ڵێن وتی "به‌ڕای من ئاساییه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ندێكی گه‌نج گۆرانییه‌كی یه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌ندانی پێش خۆی دوباره‌ بكاته‌وه‌ و بیڵێت، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك حه‌قی ئه‌و گۆرانییه‌ و هونه‌رمه‌نده‌كه‌ش بدات، من ئه‌و قسه‌یه‌ ناكه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌م كردوه‌ و پێشتر گۆرانی هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌م وتوته‌وه‌، نه‌خێر، ئه‌گه‌ر منیش خۆم هه‌ست بكه‌م كه‌ مافی گۆرانییه‌كه‌ یان هونه‌رمه‌نده‌كه‌ نەده‌م، ئه‌و كات رێگا به‌خۆم ناده‌م كارێكی له‌م جۆره‌ ئه‌نجام بده‌م و داوا له‌ جه‌ماوه‌ری خۆیشم ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر تێبینی ئه‌وه‌یان كردوه‌ كه‌ ئه‌و گۆرانیانه‌م شێواندوه‌ كه‌ دوباره‌یان ده‌كه‌مه‌وه‌، تكایان لێده‌كه‌م رێگام پێمه‌ده‌ن و بڵێن تۆ مافی ئه‌وه‌ت نییه‌ ئه‌م كاره‌ بكه‌یت، چونكه‌ گۆرانییه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ت شێواندوه‌"

ئه‌م بابه‌ته 6908 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP