چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵەکەتدا بکەیت کاتێک گوێت بۆ ناگرێت؟


خەندان لایف

کاتێک منداڵان گەورە دەبن، پێیان وایە خۆیان دەتوانن پشت بە خۆیان ببەستن و خۆیان بە سەربەخۆیی کارەکانیان دەکەن، دایک و باوکیان فەرامۆش دەکەن و گوێیان بۆ ناگرن، ئەو ئامۆژگاریانە جێبەجێ ناکەن کە پێیان دەرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بێزاری دایکان و باوکان، لەم کاتەدا دایک و باوک نابێت کەمتەرخەم بن و کۆنترۆڵی منداڵەکەیان لەدەست بدەن چونکە کاریگەری خراپی لەسەر دوارۆژیان دەبێت، دەبێت بە وریایی مامەڵە بکەن، پێویستە بەم شێوازە مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت.

یەکەم: ئەو شتانە لاببە کە پێوەی سەرقاڵە
کاتێک قسە لەگەڵ منداڵەکەت دەکەیت، ئەو شتانە لاببە کە منداڵەکەت پێوەی سەرقاڵە، وەکو مۆبایل، تەلەفزیۆن، ڤیدیۆ گەیم، بۆ ئەوەی بە باشی گوێت بۆ بگرێت، تەماشای چاوی بکە، بە هێمنی گفتوگۆی لەگەڵدا بکە.

دوەم: داوا لە منداڵەکەت رێنماییەکان دوبارە بکاتەوە
کاتێک هەندێک رێنمایی دەدەیت بە منداڵەکەت و داوای ئەنجامدانی هەندێک ئەرکی لێدەکەیت، داوای لێبکە دوبارەی بکاتەوە، بەم شێوەیە لە ئەرکەکانی دڵنیا دەبێتەوە و بۆت رون دەبێتەوە کە بە باشی گوێی بۆ گرتویت.

سێیەم: تەنها یەک ئاگادارکردنەوەی بدەرێ
کاتێک رێنمایی بە منداڵەکەت و دەدەیت و دڵنیابویتەوە لەوەی بەباشی گوێی بۆ گرتویت، پێویستە یەک ئاگادارکردنەوەی بدەیتێ کە دەبێت ئەو ئەرکانەی جێبەجێ بکات.

چوارەم: دەرئەنجامی فەرامۆشکردنەکەی بۆ رون بکەرەوە

کاتێک منداڵەکەت قسەکانت فەرامۆش دەکات و گرنگیت پێنادات، پێویستە سزای بۆ دابنێیت بەوەی ئەو شتەی لێدوربخەیتەوە کە ئارەزوی لێیەتی، وەکو یاریەکانی یان پاسکیلەکەی، بەڵام دەبێت پێشتر ئاگاداری بکەیتەوە لەوەی سزاکەی چیە.

پێنجەم: گفتوگۆی لەگەڵدا بکە
گرنگە لە کاتی گفتوگۆکردن هێمنی خۆت بپارێزیت و دەنگی بەسەردا بەرز نەکەیتەوە، هەوڵبدە بە شێوازێکی هێمنانە تێی بگەیەنیت کە بەم شێوەیە خەم دەخۆیت و دەتەوێت منداڵەکەت گوێرایەڵت بێت.

شەشەم: بەراوردی مەکە
کاتێک دەتەوێت منداڵەکەت ئەو شتانە ئەنجامبدات کە داوای لێدەکەیت بەراوردی مەکە بەوە بڵێی خوشکەکەی یان هاوڕێکەی لەو باشترە، سوپاسی بکە لە کاتی کردنی هەر کارێکی باشدا.

 

ئه‌م بابه‌ته 12837 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP