نۆ رێگە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پارێزراو دەرمان بدەیت بە منداڵ

خەندان لایف

منداڵان بە گشتی ئارەزوی خواردنی دەرمان ناکەن، هەمیشە رەتی دەکەنەوە کە بیخۆن، زۆ جار دایکان و باوکان بە زۆر منداڵەکەیان ناچار دەکەن بیخوات، کە رەنگە لە کاتی ئەوە منداڵەکە رەتی دەکاتەوە بیخوات بچێتە بۆڕی هەناسەی و مەترسی بۆ ژیانی دروست بکات، بۆیە باشترە پێش ئەوەی بیر لەوە بکەیتەوە کە دەرمانەکە بدەیت بە منداڵەکەت، بیر لەوە بکەیتەوە بە شێوەیەکی پارێزراو بیدەیتێ.

یەکەم: هەڵبژاردنی بدەرێ
هەرگیز بە زۆر دەرمان مەدە بە منداڵەکەت، دەتوانیت وای لێبکەیت کە هەڵبژاردن بکات، بە ئارەزوی خۆی لە نێوان دو هەڵبژاردن دانەیەک هەڵبژێرێت. بۆ نمونە:
- پێش خۆگۆڕین دەرمانەکان بخوات یان دوای خۆگۆڕین.
- بە کوپ بیخوات یان کەوچک.
- لەسەر مێزی نان خواردن بیخوا یان ئەو کاتە تەماشای تەلەفزیۆن دەکات.
- بە دەستی دایکی دەیخوات یان باوکی.

دوەم: هەرگیز منداڵەکەت مەترسێنە بە دکتۆر و دەرزی و دەرمان، چونکە لە کاتی پێویستیدا زەرەر لە منداڵەکەت دەدات و رەتی دەکاتەوە.

سێیەم: رونی بکەرەوە بۆی کە دەرمان یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی تەندروستی باش ببێت و وەکو جاران دەتوانێت یاری بکات و هەست بە ئازار نەکات.

چوارەم: ئەرێنی بە، ئەوە بزانە کە دەرمان پێدان سزا نیە بۆ منداڵەکەت بەڵکو چاکی دەکاتەوە، ئەگەر منداڵەکەت نەخوارد بە زۆر مەیدەرێ.

پێنجەم: ئەو جۆرە هەڵبژێرە کە بە ئارەزوی منداڵەکەتە، هەندێک لە دەرمانەکان بە چەندین شێوە هەن، بە شێوەی شروب، حەب، دەرزی، لەم کاتەدا رای منداڵەکەت وەربگرە کە دەیەوێت بە کام شێوە پێی بدرێت.

شەشەم: دەرمانەکە تێکەڵ بەو خواردنە بکە کە ئارەزوی لێیەتی، بەڵام لەم کاتەدا دەبێت وریابیت لەوەی چ خۆراکێک هەڵدەبژێریت، پێویستە راوێژ بە پزیشک بکەیت.

حەوتەم: پێدانی دەرمانەکەی بۆ بکە بە یاری، وەکو ئەوەی بوکەڵەکەی دەرمانەکەی پێبدات، یان بە شێوەی یاریەک کە منداڵەکەت ئارەزوی لێی بێت بیدەرێ.

هەشتەم: منداڵەکەت خەڵات بکە، بۆ نمونە ئەگەر دەرمانەکانی لە کاتی خۆیدا بخوات ئەو خۆراکانەی بۆ ئامادە دەکەیت کە ئارەزوی لێیەتی، یان دەیبەیت بۆ ئەو شوێنەی کە دەیەوێت.

نۆیەم: بۆ ئەوەی خواردنەکە نەپەڕێتە گەروی، دەتوانیت وردی بکەیت بۆ چەند پارچەیەک، بەڵام لەم کاتەدا دەبێت راوێژ بە پزیشک بکەیت چونکە هەندێک دەرمان نابێت بکرێن بە چەند پارچەیەکەوە.

ئه‌م بابه‌ته 6990 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP