شاجوانی ئێران ماوەی دو هەفتەیە لە فرۆکەخانەیە و دەڵێت دەکوژرێم ئەگەر بگەڕێمەوە


خەندان لایف

بەهارە زاری بەهاری، شاجوانی ئێران بۆ ساڵی 2019 زیاتر لە دو هەفتەیە لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی مانیلایە، دەڵێت ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەی خۆم دەکوژن.

دەسەڵاتدارانی ئێران ئاماژەیان بەوەدابو کە ناوبراو لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپۆلەوە بە داواکاری پلە سور (کۆتا ئاستی داواکاری پۆلیسی بۆ رادەستکردنەوە)، دەبێت رادەستی تاران بکرێت ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی هێرشی کردوەتە سەر هاوڵاتیەکی ئێرانی.

لە لێدوانێکدا بەهارە بۆ CNN دەڵێت من لە ساڵی 2014وە لێرە دەژیم و نەگەڕاومەتەوە بۆ ئێران، چەندەها جار بۆم رونکردونەتەوە کە چۆن دەتوانم لە کەیسێکی تاواندا لە ئێران بەشدارم لە کاتێکدا من لێرە ژیاوم.

بەهارە دەڵێت من هەمیشە ویستومە من ببم بە دەنگی خەڵکەکەم، بۆیە بڕوام وایە من بە ئامانج کراوم بەهۆی ئەو چالاکیە کۆمەڵایەتیانەی ئەنجامداوە، هەروەها ویستویەتی ببیت بە مامۆستا لەوێ بۆ ئەوەی فێری خوێندکارە کچەکان بکات "کە ئەوان بوکەڵە یان شتی لەو شێوەیە نین، ئەوان مرۆڤن و هەمان مافی کوڕەکانیان هەیە".

پێشتریش مارک پێرت، وەزیری دادی فلیپین ئاماژەی بەوەداوە، ناوبراو بەهۆی ئەوەی داواکاری پلە سوری ئینتەرپۆلی لەسەرە چونە ناوەوەی بۆ ناو خاکی ئەو وڵاتە لێقەدەغە کراوە.

بەهارە ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەدایە مافی پەنابەرێت لە وڵاتێکی دیکە وەربگرێت چونکە چیتر فلیپین بۆ ئەو پارێزراو نیە.

ئه‌م بابه‌ته 14199 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP