شارا، ئەو کچە کوردەی بە ماکیاژ دەنگی خۆی بە جیهان دەگەیەنێت

خەندان لایف

شارا کەمال، لەشاری رانیە لەدایک بوە، لە سکۆتلاند لە شاری گلاسگۆو ژیان بەسەر دەبات، لە ئێستادا سەرقاڵی خوێندنە، لە زانکۆ بۆ توێژەری کۆمه‌ڵایەتی دەخوێنێت، هاوکات ماکیاژکردن بوە بە بەشێک لە کارەکانی.

شارای تەمەن 21 ساڵ لە لێدوانێکیدا بۆ خەندان لایف، باس لە چیرۆکی ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت لە منداڵیەوە ئارەزوی ماکیاژبوە، هەمیشە بە ماکیاژەکانی دایکی یارکردوە و بەکاری هێناوە، تا ئەوەی لە تەمەنی 16 ساڵیەوە بە ڤیدیۆ کارەکانی خۆی لە رێگەی یوتیوبەوە نیشان داوە.

شارا بۆ خەندان لایف رایگەیاند کە دایک و باوکی یەکەم کەس بونە هانیان داوە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت و واز لە کارەکەی نەهێنێت، چونکە دەیانزانی ئەمە خەونی شارایە.

دەربارەی ئەو رێگریانەی کە دێنە بەردەمی، وتی "لەبەر ئەوەی من لە کلتورێکی جیاواز گەورەبومە پێم ئاسایی بو، دایکیشم هەمو ئەو پێشبینیانەی بۆ کردم کە روبەڕوی رەخنە دەبمەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پشتیوانی خێزانەکەم هەبو، رەخنەکان رێگرنەبون بەڵکو زیاتر هانیان دام بۆ ئەوەی بەردەوام بم".

 

ئەم خانمە مەیکئەپ ئارتیستە سەرسامی خۆی بۆ کارەکانی خانمە پێشکەشکار و مەیکئەپ ئارتیست شکۆفە، دەربڕی و هیوای ئەوەی خواست لە داهاتودا پێکەوە کار بکەن.

دەربارەی پیشەکەی وتی "لە ئێستادا وەکو ئارەزو ماکیاژ دەیکەم نەک وەکو بەدەستهێنانی بژێوی ژیانم، دەمەوێت وەکو مەیکئەپ ئارتیستێکی بەناوبانگ دەربکەوم، لە ئێستادا توانیومە لەگەڵ عەبە کەریب، کاربکەم لە کلیپی شێتت کردومە، کە دەنگدانەوەیەکی زۆر جوانی هەبو، داوای لێکردم لە کلیپیەکانی دیکەیدا بەشداربم وەکو مەیکئەپ ئارتیست".

شارا دەربارەی پەیامی خۆی لەم ئیشەدا وتی "دەمەوێت بە خەڵک بڵێم کە ئافرەتیش بەهێزە و توانای هەیە ئەو بەربەستانە بشکێنێت کە دێتە بەردەمی، من وەکو کچە کوردێک ئارەزو دەکەم لە رێگەی کارەکەمەوە کورد بە جیهان بناسێنم"، سوپاسی دەزگای خەندان و خێزانەکەی کرد لەگەڵ فۆڵۆوەرسەکانی کە پشتیوانیان کردوە.

شارا لە نوێترین کاریدا بۆ هەلۆوین بە شێوەیەکی جیاواز دەرکەوت، دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە، وتی "لە رێگەی ئەو ماکیاژەوە ویستومە ئەو دۆخە بخەمەڕو کە چەند ساڵە بەسەر کوردستاندا دێت، بەتایبەتی ئێستا کە بەسەر رۆژئاڤادا دێت، لەژێر ئاڵای کوردستاندا خوێنی چەندەها کەس دەڕژێت، ئەمەش وایلێکردم لە ناخەوە هەست بە ئازار بکەم لە رێگەی ماکیاژەکەمەوە دەری ببڕم، لەگەڵ ئەوەی ئینستاگرام سڕیەوە بەڵام دوبارە دامنایەوە".

لەکۆتاییدا پەیامی خۆی بۆ کچانی کوردستان نارد و وتی "دەمەوێت کچانی کورد دوای خەونەکانیان بکەون، سەرنجیان لەسەر ئەو کەسانە نەبێت کە دەیان شکێنن، دەبێت بوێربن، ئازابن، چاونەترس بن، بێنە مەیدانی ئازادیەوە، تکام وایە هەمو خێزانێک پشتگیری کچەکانیان بکەن، چونکە پشتگیری خێزان بۆ کچەکان زۆر گرنگە".

ئه‌م بابه‌ته 12052 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP