9 خوی رۆژانە زیان بە تەندروستیت دەگەیەنێت

خەندان لایف

هەموان ئەوە دەزانن کە هەندێک خوی وەکو جگەرەکێشان، خواردنەوەی مادە کحولیەکان، خواردنی ماوەبەسەرچو زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، بەڵام تەنها ئەمانە نین، بەڵکو رۆذانە بێئەوەی بە خۆمان بزانين هەندێک رەفتار ئەنجام دەدەین و کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەبێت.

یەکەم: هەڵگرتنی کیفی پارە لە گیرفانی دواوە
دانیشتن بە کیفی پارەوە بۆ ماوەی 15 خولەک زیان بە بڕبڕەی پشت دەگەیەنێت، دەبێتە هۆی ئازاری پشت.

دوەم: بردنی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان بۆ ناو جێگەی نوستن
بە پێی نوێترین توێژینەوەکان دەرکەوتوە %89 کەسانی پێگەیشتو، %75 منداڵ پێش نوستن مۆبایل بەکاردەهێنن، بەڵام بەکارهێنانی مۆبایل و کۆمپیوتەر پێش نوستن رێگر دەبێت لەوەی بە شێوەیەکی تەندروست بخەویت و دەبێتە هۆی خەوزراندن.

سێیەم: دەست شتن بە ئاوی گەرم
دەست شتن بە ئاوی سارد کاریگەری هەیە لەسەر لابردنی بەکتریاکانی دەست، هەروەها بەکارهێنانی ئاوی سارد تەندروستترە لە ئاوی گەرم.

چوارەم: خواردنەوەی ئاو لە بوتلی پلاستیک
راستە ئەو ئاوەی دەکرێتە ناو ئەو بوتلانەوە خاوێنن، بەڵام لە کۆتاییدا خودی بوتلەکە زیان بە ژینگە دەگەیەنیت کە ئەمەش کاریگەری لەسەر تەندروستی هەموان دەبێت، هەروەها جێهێشتنی بوتلی ئاو لە شوێنی گەرم دەبێتە هۆی ژەهراویبونی ئاوەکە، مەترسی شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکات.

پێنجەم: بەپەلە خواردن
چەندین کێشەی تەندروست دروست دەکات، وەکو زیادبونی کێش، نەخۆشی دڵ، شەکرە، جەڵتە.

شەشەم: شتنی ددان راستەوخۆی دوای نانخواردن
بە پێی توێژینەوەکان دەبێت ماوەی نانخواردن و شتنی ددانەکان کەمتر نەبێت لە 30 خولەک، بۆئەوەی مینای ددانەکانت زیانیان پێنەگات.

حەوتەم: بەکارهێنانی لۆکەی گوێ پاکەرەوە
بەکارهێنانی لۆکەی گوێ پاککردنەوە زیاتر زیانت پێ دەگەیەنێت وەک لەوەی سودی هەبێت، زیان بە پەردەی گوێ دەگەیەنیت.

هەشتەم: بەکارهێنانی وشککەرەوەی دەست
بەتایبەت ئەو ئامێرانەی لە توالێتە گشتیەکان دادەنرێت، بە هەمان هەوای ئەو شوێنە دەستەکانت وشک دەکاتەوە، ئەمەش وادەکات بەکتریایەکی زۆر بەسەر دەستەکانت بنیشێت.

نۆیەم: دانیشتنی زۆر

بە تایبەتی ئەو کەسانی پیشەکەیان زیاتر دانیشتە زیان بە مل و پشتیان دەگات، چەندین کێشەی تەندروستی دروست دەکات، سیستمی بەرگری لەش لاواز دەکات، کالۆری پێویست ناسوتێنیت، مەترسی چەندین نەخۆشی زیاد دەکات وەکو شەکرەی جۆری دوەم، قەڵەوی، جەلتەی دڵ.

 

ئه‌م بابه‌ته 21494 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP