بڵند عەبدوڵا بۆ موستەفا جیجیلی دەنوسێت

خەندان لایف

دوای ئەوەی تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ رۆژئاڤای کوردستان راگەیاند، کۆمەڵێک هونەرمەند پاڵپشتی خۆیان بۆ سوپای تورکیا دەربڕی، لەناویاندا موستەفا جیجیلی بو، کە بە پۆستێک لە ئەکاونتەکەی خۆی پاڵپشتی سوپای تورکیای کرد.

بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە رێژەیەکی زۆر لە کۆمێنتی بۆ ئەکاونتەکەی بۆ رۆیشتبو، موستەفا جیجیلی نوسینی پۆستەکەی گۆڕی و وتی "کورد و تورک برای یەکن، بۆیە ئێمە لە دژی کورد نین بەڵام لە دژی تیرۆرستین، کە نزیکەی 40 ساڵە 40 هەزار خەڵک کە زۆرینەیان منداڵن لەوڵاتەکەمان کوژان لەلایەن تیرۆرستەکانەوە" هەروەها داوای کرد بە رێزەوە کۆمێنتەکان بنوسرێت.

دواتر بڵند عەبدوڵا لە ژێر هەمان پۆستدا بۆ موستەفا جیجیلی دەنوسێت، دەڵێت، "زیاتر لە جارێک بانگهێشت کراویت بۆ کورستان، خەڵکی ئێرە تۆیان خۆشدەوێت و رێزت لێدەگرن، هەروەها باشترینت پێشکەش کراوە چونکە کوردەکان کەسانی باشن و میوزیک و گۆرانیبێژی باشیان خۆشدەوێت".

هەروەها وتی "دەتوانیت پێم بڵێیت بۆچی بانگهیشتی کوردستانت قبوڵکرد ئەگەر خەڵکەکەی تیرۆرستن، کەواتە تۆ پاڵپشتی تیرۆرستەکانت کردوە بە هاتنت بۆ کوردستان؟، من دڵنیام تۆ کەسێکی باشیت بۆیە رێگەمەدە حکومەتەکەت بتخەڵەتێنێت بەوەی نەتەوەکانی دیکە تیرۆرستن".

لە کۆتاییدا ئەوەشی خستەڕو "لەم ئۆپەراسیۆنەدا هیچ کەسێکی تورکەکان نەکوژران، بەڵام حکومەتەکەت چەندەها ژن و منداڵی بێتاوانی کوردی کوشتوە و خوێنی ئەوان لەسەر دەستی ئێوەیە".

هونه‌رمه‌ند بڵند عه‌بدوڵا له‌ ساڵی 1978 لەدایك بووه‌، ده‌رچوی كۆلێژی ده‌رمانسازییه‌، له‌ ساڵی 1991 له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌کەی چوەته‌ وڵاتی سوید، خاوه‌نی چه‌ندین كلیپ و گۆرانییه‌.

 

ئه‌م بابه‌ته 34372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP