عەبدوڵا پەشێو نامەیەک بۆ سەرۆکی روسیا دەنێرێت

خەندان لایف

عەبدوڵا پەشێو نامەیەکی بۆ سایتی فەرمی سەرۆکی روسیا نوسی و گەیشت، دوای 24 کاتژمێر وەک نامەیەکی کراوە بڵاوکرایەوە، عەبدوڵا پەشێو رایگەیاند "پێم باشە هەمو لایەک نامە بنوسن بەتایبەتی بۆ سەرۆکی وڵاتانی کاریگەر"، هەروەها دەقی نامەکەی بە کوردی و روسی بڵاوکردەوە.

عەبدوڵا پەشێو لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک دەقی نامەکەی بڵاوکردەوە و نوسیبوی "بەرێز ڤڵادیمیر ڤڵادیمیرۆڤیچ، لە مۆسکۆ خوێندنم تەواو کردوە، نوسەر و وەرگێڕی پوشکینم بۆ سەر زمانی کوردی، وەک هەوادارێکی فەرهەنگی روسی بە جەنابتان رادەگەیەنم، کە دەنگدانتان بۆ قڕکردنی کوردان هەتا هەتایێ لە زەینی نەتەوەییمان ناسڕێتەوە".

لە درێژەی نامەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد " دڵنیاتان دەکەم، کە گەلی کورد، لەگەڵ ئەو هەموو نەهامەتییانەی بە سەری هاتون، ئایندە دەباتەوە، بە پێچەوانەی ئەردۆگان، کە رێگەی سیاسی لەبەر دەمیا گەیشتۆتە بنبەست و ئێستا بە تاقی تەنیا، بێپشتەوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بڕیارەکانی دەدا، وێڕای رێزم بۆتان".

عەبدوڵا پەشێو لە ساڵى 1946 لە ھەولێر له‌ دایکبوە، لە 1970 لە دامەزراندنی یەکێتی نوسەرانی کورد لە بەغدادبەشداری کردوە، لە 1973 رۆیشت بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ساڵی 1979 ماستەری وەرگێڕانی روسی و ئینگلیزی لە مۆسکۆ وەرگرت، ساڵی 1984 دوکتۆرای ئەدەبیاتی ھێنا،  پەشێو لە 1995ەوە دانیشتوی فینلاندە، خاوەنی چەندان بەرهەمی ئەدەبییە.

ئه‌م بابه‌ته 4264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP