شەش خوی بەیانیان رێگە نادات کێشت دابەزێت

خەندان لایف

خواردنی ژەمە خۆراکەکان کاریگەریان هەیە لەسەر زیادبونی کێش، لە بەیانیاندا کۆمەڵێک خو هەیە کە بە گشتی زۆرینەی کەسەکان ئەنجامی دەدەن، ئەمەش وادەکات بەئاسانی کێشی جەستەیان کەم نەبێت و بە پێچەوانەوە کێشیان زیاد بکات، ئەو شەش خوەی رێگە نادات کێشی جەستەت دابەزێت.

یەکەم: رەتی دەکەیتەوە ژەمێکی باشی بەیانیان بخۆیت
کە ئەمەش یەکێکە لە هەڵەکان، بەیانیان گرنگترین کاتە بۆ نانخواردن، بە پێی توێژینەوەیەک سەلمێنراوە خواردنی ژەمێکی باشی بەیانیان و خواردنی ژەمێکی کەمی ئێواران کاریگەری بەهێزی هەیە لەسەر دابەزینی کێشی جەستە.

دوەم: ناچیتە بەر تیشکی خۆر
بەرکەوتنی تیشکی خۆر دەبێتە هۆی تواندنەوەی چەوری، بەتایبەتی چەوری سپی، توێژەرەکانی زانکۆی ئەلبێرتا لە کەنەدا سەلماندویانە کە چەوری جەستە کەم دەکات کاتێک لەبەر تیشکی خۆدا پیاسە دەکەیت.

سێیەم: بیرت دەچێت دوای لەخەوهەستان پەرداخێک ئاو بخۆیت
جەستەی کەسێکی پیگەیشتو %50 بۆ %60 لە ئاو پێکهاتوە، کەواتە خواردنەوەی پەرداخێک ئاو دوای هەستان لە خەو بیرۆکەیەکی نایاب دەبێت، چونکە دەبێتە هۆی چالاکبونی مێتابۆلیزمی لەش، رێگری دەکات لە قەڵەوبون، ژەهری جەستە فڕێدەداتە دەرەوە، کێشی جەستە کەم دەکاتەوە.

چوارەم: وەرزش ناکەیت
وەرزشکردن لە بەیانیاندا دەبێتە هۆی چالاککردنی مێتابۆلیزمی لەش، زیاتر سوتاندنی کالۆری، هەروەها توێژینەوەیەک کە لەلایەن دکتۆر "ئێما ستیڤینسن" ئەنجامدراوە دەرکەوتوە ئەو کەسانەی بەیانیان پێش نانخواردن وەرزش دەکەن بە درێژایی رۆژ خواردنی کەمتر دەخۆن.

پێنجەم: خواردنی خۆش هەڵدەگریت بۆ بەیانیان و ئێواران
ئەگەر دەتەوێت شیرینی و خواردن برژاوەکان بخۆیت ئەوا بەیانیان بیخۆ، لە توێژینەوەیەکی دیکەدا دەرکەوتوە خواردنی شیرینی و برژاو لە بەیانیاندا کەمتر دەبێتە هۆی دروستبونی چەوری بە بەراورد بە خواردنی هەمان بڕ لە ئێواراندا.

شەشەم: خوێندنەوەی هەواڵ لە بەیانیاندا
رەنگە بەلاتەوە نامۆ بێت، بەڵام خوێندنەوەی هەواڵ لە بەیانیاندا بە تایبەتی هەواڵی نەرێنی، دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی هۆڕمۆنی سترێس، هەروەها مانەوەی ستریس بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی ئەوەی خانە لاوازەکان بگۆڕێت بۆ خانە چەوریەکان.

 

ئه‌م بابه‌ته 50484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP