ئەگەر دڵخۆشیت دەوێت دەستبەرداری ئەم حەوت خاڵە بە


خەندان لایف

بێگومان بەسەربردنی ژیان بە دڵخۆشیەوە خەونی هەمو کەسێکە، بەڵام لە کۆتایدا ئەوە دەکەوێتەوە دەستی خۆت کە ئایا ژیانێکی خۆش هەڵدەبژێریت یان ژیانێکی پڕ لە دڵەراوکێ و سترێس و دودڵی، هەندێک شت هەیە کە رۆژ بە رۆژ خۆشی ژیانت لێدەسێنێتەوە، بۆیە پێویستە لێیان دوربکەویتەوە و دەستبەرداریان ببە.

یەکەم: دەستبەرداری ترسەکانت ببە
ئەو شوێنەی ترسی لێیە خۆشی لێنیە، پێویست ناکات ترست لە داهاتو یان کەسانی چواردەورت هەبێت، بەسەر خۆتدا زاڵ ببە و چاونەترسانە هەنگاوەکانت بنێ.

دوەم: واز لە وتنی وشەی نەرێنی بێنە بەرامبەر خۆت
بیرکردنەوەی ئەرێنی هۆکار دەبێت بۆ دڵخۆشیت، هەرگیز وشەی نەرێنی بەرامبەر خۆت بەکارمەهێنە، وەکو ئەوەی بڵێیت (ناتوانم، ترسنۆکم، شەرمنم، کەس منی خۆشناوێت، من باش نیم، ناتوانم قسە بکەم، کەس منی بەدڵ نیە).

سێیەم: دەستەبرداری رابردو ببە
تەنها لەبەر ئەوەی رابردویەکی باشت نەبوە ئەمە واتای ئەوە ناگەیەنێت داهاتویەکی خراپت دەبێت، واز لە رابردو بهێنە، خۆت بە بیرکردنەوەی لێی سەرقاڵ مەکە.

چوارەم: واز لەوەی بهێنە کە لە خەونی کەسانی دیکەدا بژیت
مارک تواین دەڵێت "دو گرنگترین رۆژی ژیانی مرۆڤ ئەو کاتەیە کە لە دایک دەبێت، ئەو کاتەی خۆی دەدۆزێتەوە"، بۆیە وازبهێنە لەوەی ببیت بە خەونی کەسانی دیکە، هەوڵبدە خۆت رێگای ژیانی خۆت بدۆزیتەوە.

پێنجەم: واز لە سەلماندن بهێنە
پێویست ناکات هەر کارێک ئەنجامی دەدەیت بیسەلمێنیت کە تۆ مەبەستی خراپت نەبوە، کەسانی چواردەورت بیرکردنەوەی جیاوازیان هەیە، ئەگەر بتەوێت شتەکان بسەلمێنیت دەبێت تەواوی ژیانت سەرقاڵ بیت پێوەی.

شەشەم: خۆت بە کەسانی دیکە بەراورد مەکە
لە هەر بارودۆخێکدا بیت بەردەوام کەسانی دیکە هەن لە تۆ باشتر بن، بۆیە گەر دڵخۆشیت دەوێت خۆت بە کەسانی دیکە بەراورد مەکە.

حەوتەم: لە کەسانی نەرێنی دوربکەوە
کەسانی نەرێنی هەمیشە وات لێدەکەن بە خراپی بیر بکەیتەوە، بۆیە بە تەواوی لەو کەسانە دوربکەوەرەوە.

 

ئه‌م بابه‌ته 31597 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP