هەڵوێست بەهۆی بارودۆخی رۆژئاڤاوە کۆنسێرتەی دواخست


خەندان لایف

هونەرمەند و گۆرانیبێژ "هەڵوێست محەمەد" بەهۆی بارودۆخی رۆژئاڤاوە کۆنسێرتەکەی هەولێر و کەرکوکی تا کاتێکی نادیار دواخست.

لەگەڵ ئەوەی تەنیا هەفتەیەکی ماوە بۆ کاتی ئەنجامدانی کۆنسێرتەکەی هەڵوێست لە شاری هەولێرو کەرکوک زۆربەی تکتەکان فرۆشراون، بەڵام هەڵوێست رایگەیاند " بە راوێژ لەگەڵ کۆمپانیا ھاوبەشەکانمان لەکاتێکدا زۆربەی تکتەکان فرۆشراوە و تەواوی ئامادەکاریەکان کۆتاییان پێ ھاتوە، بەڵام بەھۆی ئەم نەھامەتی و بارگرانیەوە بڕیارماندا بە دواخستنی کۆنسێرتەکانمان لە کەرکوک و ھەولێر"

هەروەها ئەوەشی خستەڕو ئەو کەسانەی تکتیان كڕیوە دەتوانن بیگەڕێننەوە ھەمان ناوەندی فرۆشتن و پارەکانیان وەربگرنەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لێبوردنی لە هەوادارەکانی کرد و بەڵێنیدا دوا تێپەڕبونی ئەم بارودۆخە بە زوترین کات کۆنسێرتێکی دیکە ئەنجام بدات بە باشترین شێوە.

ھەڵوێست موحەمەد لەدایکبوی شاری ھەڵەبجەیە، لە ساڵی 2002 دەستی بە کاری ھونەری کردوە، خاوەنی چەند گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپێکە.

ئه‌م بابه‌ته 2134 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP