بۆ یەكەمجار خانمە ئێرانیەكان ئامادەی بینینی یارییەكی تۆپی پێ دەبن

خەندان لایف

بڕیارە رۆژی پێنج شەممەی داهاتو هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لە میانەی یارییەكانی پاڵاوتنی مۆندیالی قەتەر و جامی نەتەوەكانی 2023 ئاسیا، روبەڕوی هەڵبژاردەی كەمبۆدیا ببێتەوەو دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەمە بۆ جاری یەكەمە كە خانمان رێگەیان پێدەدرێت بچنە نێو یاریگەكانی تۆپی پێ وە.

تۆڕی هەواڵی ئێرنا ئەمرۆ ئاشكرایكرد، كە بە شێوەیەكی فەرمی حكومەتی ئێران و یەكێتی تۆپی پێی ئەو وڵاتە بریاریانداوە، رێگە بە خانمانی وڵاتەكەیان بدەن بچنە نێو یاریگەكانی تۆپی پێ و یاریی ئێران و كەمبۆدیا دەبێتە یەكەمین یاریی كە خانمان دەتوانن بچنە نێو یاریگەو ئامادەی بینینی یارییەكە بن.

لەمیارییەوە حەسەن كەریمی بەرێوبەری جێبەجێكاری پێشكەوتن و چاكسازی وەرزشی ئێران دوپاتیكردەوە كە بڕیارەكە فەرمیە و خانمان دەتوانن بۆ بینینی ئەو یارییە بچنە نێو یاریگەی ئازادی لە تاران كە یارییەكەی ئێران و كەمبۆدیا لە خۆدەگرێت، كەریمی ئەوەشی ئاشكراكردوە كە 3500 بلیت بۆ خانمان دابینكراوە لەگەڵ جێگای تایبەت، لە ئەگەری زیاد بونی ژمارەی خانمانیش ئەوا بلیتی زیاتر بۆ ئەو مەبەستە دابین دەكرێت.

پێگەی ئێرنا ئەوەشی ئاشكراكردوە، كە خانمانی ئێرانی لە یاریگەكانی باسكە و بالە ئامادەی بینینی یارییەكان بون و رێگەی چونە ژوەرەوەیان لێنەگیراوە، بەڵام لە یاریگەكانی تۆپی پێ بۆیان نەبوە ئامادەبن.

پێشتر سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی جیهان جیان ئیڤانتینۆ وتبوی.. من بەڵێنم لە ئێرانیەكان وەرگرتوە كە رێگە بە چونە ژورەوەی خانمان بدەن بۆ نێو یاریگەكانی تۆپی پێ لەو وڵاتەدا، ئەگەر ئێرانیەكان دوای 40 ساڵ رێگەبدەن كە خانمان بچنە یاریگەكانی تۆپی پێ، ئەوا ئەو وڵاتە هەنگاوێكی گەورە دەنێت بەرەو دنیای وەرزش و هۆكارێكی كاریگەرە بۆ كرانەوەی تۆپی پێی ئێران بە ڕوی وڵاتانی جیهان.

ئەم لێدوانەی ئیڤانتینۆ دوای ئەوە هات كە خانمە هاندەرێكی تۆپی پێ بە ناوی سەحەر خدیاری خۆی كردە قوربانی و ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، بە هۆی رێگریكردن لە چونە ژورەوەی بۆ نێو یاریگەكانی تۆپی پێ و سەپاندنی سزای شەش مانگ زیندانیكردن بەسەریدا.

ئه‌م بابه‌ته 6987 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP