رامی عەیاش لەسەر کارول سەماحە هاتە دەنگ

خەندان لایف

دوای ئەوەی خانمە هونەرمەندی لوبنانی "کارول سەماحە" نوێترین وێنەی خۆی لە ناوەراستی مانگی پێشو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوکردەوە، کۆمەڵێک کۆمێنتی نیگەتیڤی بۆ رۆیشت و روبەڕوی رەخنە بوەوە، چونکە کارول بەبێ ماکیاژ دەرکەوتبو.

دوابەدوای بڵاوبونەوەی وێنەکەی کارول و ئەو رەخنانەی لێیگیرا، بەشێک لە هونەرمەندەکان پاڵشتی کارول سەماحەیان کرد، لەوانیش هونەرمەند و گۆرانیبێژ "رامی عەیاش" بو، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر وەڵامی رەخنەکانی دایەوە.

رامی عەیاش لە تویتەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد کە "لەسەر هەر خەتێکی روخساری کارول هەزاران داهێنان هەیە، هەزاران دەنگی بەسۆز و رەوشتی وەکو ئاڵتون هەیە، کارول لە چرچە بچوکەکانی روخساریدا هەزاران واتای کۆکردوەتەوە"، لە کۆتاییدا خۆشەویستی خۆی بۆ کارول دەربڕی.

کارول، لەدایکبووی ساڵی 1972، خەڵکی لوبنانە و ماستەری هەیە لە گۆرانی و شانۆدا، خاوەنی چەندین گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپە، جگە لەکاری گۆرانی وتن کاری نواندنیش دەکات دواین کاریشی رۆڵی هونەرمەندی کۆچکردوی ناسراوی لوبنان سەباح بوو لە نێو درامایەکدا کە باسی لە ژیانی دەکرد، جگە لەوەی سەماکارێکی شارەزایە و خاوەنی لەشولارێکی سەرنجڕاکێش و رێکە.

کارول لەساڵی 2004 خەڵاتی باشترین گۆرانیبێژی پێبەخشراوە، لەساڵی 2010 بوەتە خاوەنی خەڵاتی میروکس وەک باشترین ئەلبومی گۆرانی، لەساڵی 2013 هاوسەرگیری دەکات لەگەڵ پیاوێکی میسری بەناوی "وەلید مستەفا" لەساڵی 2015 دەبێتە خاوەنی کچێک بەناوی تالا.

 

ئه‌م بابه‌ته 8569 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP