کۆنسێرتەکەی ھانی و فرمێسک ھەڵوەشایەوە


خەندان لایف

دوای ئەوەی ھەمو ئامادەکاریەک کرا بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرتەکەی ھانی و فرمێسک کە بڕیاربو ئێوارەی ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت، چەند ساتێک پێش ئەنجامدانی کۆنسێرتەکە لەکاتی دیاریکراوی خۆی، ھەڵوەشایەوە.

بە پێی سەرچاوەکان ئەو کۆمپانیایەی ئەرکی جێبەجێکردنی کۆنسێرتەکەی گرتبوە ئەستۆ، لەگەڵ ھانی و فرمێسک وا رێککەوتبو کە پێش دەستپێکردنی کۆنسێرتەکە پارەی بلیتەکان بدات بە ھەردو ھونەرمەندی ناوبراو، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکار لەدوا ساتدا شوێنی کۆنسێرتەکەی جێھێشتوە.

دوابەدوای ئەو روداوە ھەردو خانمە ھونەرمەند ھانی و فرمێسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام رونکردنەوەیان دەربارەی ھەڵوەشانەوەی کۆنسێرتەکە بڵاوکردەوە و داوای لێبوردنیان لە ھەوادارەکانیان کرد.

ھەروەھا رایانگەیاند "کە لەبەر ئەنجامدانی ئەم کۆنسێرتە لە دەرەوەی وڵات گەڕاینەوە، خۆمان ئامادەکرد بۆ ئەوەی بە دڵخۆشیەوە کۆنسێرت پێشکەشی ھەوادارەکانمان بکەین، بەڵام لەکۆتا ساتدا رونبوەوە کە چی رویدا، بێ ویستی ئێمە ئەم روداوە رویدا".

لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە ھەزار و 200 بلیت فرۆشرابو،  لە سەرجەم شارەکانی کوردستانەوە ھەوادارەکان ئامادەبون لە بەردەم ھۆڵی کۆنسێرتەکە بەڵام بەھۆی دیارنەمانی پارەی بلیتەکان کۆنسێرتەکە ھەڵوەشایەوە، بڕیارە ھەردو خانمە ھونەرمەند داوای یاسایی دژی ئەو کۆمپانیایە و بەرپرسی ئەو کارە تۆماربکەن.

ئه‌م بابه‌ته 11734 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP