ئەو هەڵانەی دایکان و باوکان لەگەڵ منداڵەکانیان دەیکەن

خەندان لایف

گومان لەوەدا نیە دایکان و باوکان دەیانەویت باشترین پێشکەشی منداڵەکانیان بکەن، بەڵام زۆر جار رێگەی هەڵە هەڵدەبژێرن یان نازانن چۆن وا لەمنداڵەکانیان بکەن کەسانێکی باش و بەهێزیان لێدەربچێت لە داهاتودا، هەر بۆیە لە ژیانی رۆژانەدا هەندێک هەڵە ئەنجام دەدەن کە کاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتوی منداڵەکان دەبێت.

یەکەم: چێژ نابینن لە گفتوگۆکردن لەگەڵ منداڵەکانیان
منداڵان بە زویی گەورە دەبن، لە تەمەنی منداڵیدا پێویستیان بەگەورەکان هەیە گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن، بەڵام زۆرجار دایکان و باوکان بەهۆی سەرقاڵیەوە گفتوگۆیان لەگەڵدا ناکەن و چێژ لەو ساتانە وەرناگرن.

دوەم: بە پێی پێویست مندالەکانیان لە باوەش ناگرن
لە زانستدا سەلمێندراوە لەباوەشکردن چەندین سودی تەندروستی هەیە، هەروەها پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێز دەکات، گرنگە لە کاتی ئامۆژگاری کردنی منداڵەکەت یان لە کاتی گفتوگۆکردن بۆ ماوەیەکی زۆر لە باوەشی بکەیت، ئەگەرنا منداڵەکەت لە کاتی گەورەبونیدا ئارەزوی لەباوەشکردن ناکات.

سێیەم: بە پێی پێویست وێنە ناگرن
زۆرێک لە دایکان و باوکان لە کاتی بۆنە گرنگەکاندا وێنە ناگرن و وەکو یادگاری نایپارێزن، هەندێکیان بە پێچەوانەوە هەمو خولەکێکیان تۆمار دەکەن، باشترە باڵانسێک رابگریت.

چوارەم: وشەی منداڵەکانیان نانوسن
مەرج نیە تەنها لە کاتی وێنە گرتن بتوانیت یادگاری منداڵەکانیان بپارێزن، دایکان و باوکان لە هەمو قسەیەکی منداڵەکانیان تێدەگەن، بۆیە کاتێک تازە فێردەبێت وشەکانی دەرببڕێت، بینوسەرەوە کە چ وشەیەک فێربوە.

پێنجەم: بەپێی پێویست یاری لەگەڵ منداڵەکانیان نەکەن
زۆرجار منداڵان تەنها بە یاریکردن لەگەڵیدا دەتوانیت بزانیت لە چ شتێکدا بەهرەی هەیە و دەتوانێت پەرەی پێ بدات، بەڵام کاتێک گرنگی پێ نادەیت منداڵەکەت ناتوانێت تواناکانی بە پێی پێویست دەربخات.

شەشەم: زۆر توندوتیژن
کاتێک منداڵان هەڵەیەک دەکەن و لەلایەن باوانیانەوە سەرزەنشت دەکرێت و وشەی نەشیاویان بەرامبەر بەکاردەهێنرێت لە داهاتوا کەسێکی سەرکەوتویان لێدەرناچێت، متمانەیان بە خۆیان نابێت،گرنگی بە هیچ کەسێک نادەن تەنانەت دایک و باوکیشیان.

حەوتەم: بیرکردنەوەی منداڵەکانیان بە گرنگ وەرناگرن
زۆر کات کە منداڵەکان قسە دەکەن و بیروباوەڕیان دەردەخەن پێیان دەوترێت "تۆ زۆر منداڵی بۆ ئەوەی بڕیار بدەیت"، یان "گەورەکانت باشتر دەزانن"، بەم شێوەیە منداڵەکەت دەروخێنیت و وای لێدەکات متمانەی بە خۆی نەبێت، خۆی بە کەسێکی گرنگ دانانێت.

هەشتەم: منداڵەکانیان دڵخۆش ناکەن
مەرج نیە بە کڕینی کەلوپەل و یاری و بوکەڵە منداڵەکەت دڵخۆش بکەیت، منداڵەکان پێویستیان بە کۆبونەوەی خێزانەکان هەیە، پێویست دەکات کاتی یاری کردنی منداڵەکەت تۆش لەگەڵیدا یاری بکەیت و کاتی بۆ تەرخان بکەیت.

نۆیەم: بەقسەی کەسانی دیکە دەکەن

هیچ کەس لە دایک و باوک باشتر منداڵەکەی ناناسێت، بۆیە پێویست ناکات بە قسەی کەسانی دیکە هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵەکەت بکەیت، بێگومان گرنگە گوێ بۆ ئامۆژگاریەکانیان بگریت و رێزان لێبگریت بەڵام پێویست ناکات هەموی جێبەجی بکەیت.

دەیەم: لە خۆشترین ساتی منداڵەکانیان لەگەڵیاندا نین
شتانیک کە بەلای دایک و باوکەوە گرنگە لای منداڵان بە هەمان شێوە نیە، ئەوان بیرکردنەوەیان جیاوازە و کۆمەڵێک بۆنە و یادی دیکەیان بەلاوە گرنگە، بۆیە هەرگیز لەبیری مەکە یادی لەدایک بونی منداڵەکەت بکەیتەوە و ئەو ئاهەنگانەی منداڵەکەت ئارەزوی دەکات بەشداری پێبکە.

 

ئه‌م بابه‌ته 46545 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP