لەکاتی چونەدەرەوە بۆ نان خواردن ئەم هەڵانە ئەنجام مەدە


خەندان لایف

زۆرکات پیشەکەت وا دەخوازێت لە دەرەوە ژەمە خۆراکیەکانت بخۆیت، یان زۆر جار تەنها بۆ کات بەسەر بردن لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانت رو لەکافێ و رێستۆرانتەکان دەکەن بە مەبەستی خواردنی ژەمێک، هەندێک یاسا هەیە کە پێویست دەکات جێبەجێی بکەیت و لە هەندێک هەڵە دوربکەویتەوە بۆ ئەوەی وێنایەکی جوان لای میوانەکان و خاوەنی ریستۆرانکە جێبهێڵێت.

یەکەم: کاتێک دەڕۆیت بۆ رێستۆرانت یاسای چەقۆ و چەتاڵ بزانە، بە هەر شێوازێک کە دایدەنێیت مانایەک دەدات بە گارسۆنەکە بۆیە باشترە ئەم واتایانە بزانیت.

دوەم: کاتێک سۆسێک تێدەکەیت، قاپەکەت پڕ مەکە، بە تایبەتی ئەو سۆسانەی لەگەڵ سوشی دەخورێت، چونکە بە بڕێکی کەم تامێکی زۆر دەدات، ئەگەر بڕێکی زۆری تێبکەیت چێژ لە خۆراکەکەت نابینیت.

سێیەم: کاتێک خۆراکەکەت تەواو کردوە و باشترە قاپەکەت لە لێواری مێزەکە دابنێیت بۆ ئەوەی گارسۆنەکان بیبەن.

چوارەم: داوای خواردنێک مەکە کە لە مینو (لیستی خۆراک)دا نەبێت، چونکە ئەو خۆراکانە بە پێی لێهاتویی شێف دانراون و نرخیان لەسەر دیاری کراوە، بۆیە دوربکەوە لەوەی داوای خواردنێکی جیاواز بکەیت.

پێنجەم: لەئێستادا زۆرینەی رێسۆرانتەکان لاپەرەی خۆیان هەیە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی، کاتێک خواردنی شوێنێکت بەدڵ نیە لە لاپەرەی ئەوانەوە بە ئاشکرا کاردانەوەت دەرمەبڕە بەرامبەریان، ئەگەر تێبینیەکت لەسەر خواردنەکەیان هەیە باشترە بە نامەی تایبەتی پێیان بڵێیت.

شەشەم: کاتێک لەگەڵ چەند کەسێک داوای خواردن دەکەن، ئەگەر خواردنەکەت پێش خواردنی ئەوان گەیشت دەست پێمەکە، بەڵکو چاوەڕێی ئەوانی دیکە بکەو پێکەوە دەستپێبکەن بە نان خواردن.

حەوتەم: کاتێک داوای خواردنێک کردوە و لێت نەخواردوە ئاساییە داوا لە گارسۆنەکە بکەیت بۆت ئامادە بکات بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆت بیبەیتەوە، بەڵام ئەگەر بەشێکت لێ خواردبو ئەوا باشترە جێی بهێڵیت.

ئه‌م بابه‌ته 61012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP