لەپێناو داهاتوی منداڵەکەت هەرگیز ئەم وشانەی بەرامبەر بەکارمەهێنە

خەندان لایف

دایکان و باوکان هەمیشە ئارەزوی ئەوە دەکەن لە داهاتودا منداڵەکانیان کەسێکی بە تواناو لێهاتویان لێدەربچێت و شانازیان پێوە بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت وریای ئەو وشانە بن کە بەرامبەر منداڵەکانیان بەکاری دەهێنن، چونکە منداڵ رەنگدانەوەی باوانیەتی و هەر کارێک ئەوان ئەنجامی بدەن کاریگەری لەسەر منداڵ جێدەهێڵێت، بۆیە باشترە لە وتنی ئەم وشانە دوربکەونەوە.

یەکەم: هەرگیز مەڵێ "من شانازیات پێوە دەکەم کارێکی زۆر باشت کردوە"، چونکە ئەمە وا لە منداڵ دەکات پشت بە قسەی کەسانی چواردەوری ببەستێت، لە کاتی گەورەبونیدا تەنها چاوەڕێ دەکات کەسانی دیکە پیایدا هەڵبدەن، لەبری ئەوە پێی بڵێ "پێویستە شانازی بە کارەکانتەوە بکەیت"، بەم شێوەیە خۆی بڕوای بە تواناکانی خۆی دەبێت و قسەی کەسانی دیکە کاری تێناکات.

دوەم: کاتێک پەلەی چونە شوێنێکتە مەڵێ "پەلە بکە" بەم شێوەیە سترێسی منداڵەکەت زیاد دەکەیت و دەشڵەژێت، بە پێچەوانەوە لەباتی ئەوەی زو ئامادەبێت درەنگتر ئامادەدەبێت، پێی بڵێ " بزانین کاممان زوتر خۆمان دەگۆڕێن یان پێڵاوەکانمان لەپێ دەکەین" بەم شێوەیە بێ سترێس منداڵەکەت ئامادە دەبێت.

سێیەم: پێی مەڵێ "رۆژکەت چۆن بو"، چونکە ئەو کاتە منداڵەکەت بە یەک یان دو وشە وەڵامت دەداتەوە، بەڵام کاتێک پێی دەڵێت "خۆشترین کاتی رۆژەکەت کامە بو" ئەو هەمو چیرۆکی رۆژەکەیت بۆ باس دەکات.


چوارەم: منداڵان بە گشتی حەزی بەرەنگاربونەوەیان تێدایە، بۆیە هەرگیز پێی مەڵێ "شیرینی نیە هەتا نان نەخۆیت" بەم شێوەیە هیچ کامیان ناخوات بەڵکو پێی بڵێ "سەرەتا نان دەخۆین دواتر شرینی".

پێنجەم: کاتێک سەرقاڵی کارکردنیت و منداڵەکەت بانگت دەکات پێی مەڵی "وازم لێ بهێنە یان جێم بهێڵە"، بەم شێوەیە منداڵ هەست بە پاڵپشتی باوانی ناکات، بەڵکو وەڵامی بدەرەوەو پێی بڵێ  "چیت دەوێت" ئەگەریش زۆر سەرقاڵ بویت پێی بڵێ "خولەکێکم بدەرێ بۆ ئەوەی بە باشتر قسە بکەین".

شەشەم: منداڵ هێشتا زۆر بچوکە بۆ ئەوەی لە وشەی شەرم تیبگات بۆیە پێی مەڵێ "شەرمە بۆت، یان پێویستە شەرم لە خۆت بکەیت"، بەڵکو بڵێ بەئەنجامدانی ئەم رەفتارەت منت نیگەران کرد".

حەوتەم: گریان شتێکی زۆر ئاساییە لە منداڵاندا بۆیە کاتێک دەگرین بێگومان هۆکارێکیان هەیە، بۆیە هەرگیز مەڵێ "مەگری" بەڵکو بڵێ "چی رویداوە، یان چی نیگەرانی کردویت" بەم شێوەیە هەست دەکات کە لەلایەن باوانیەوە گرنگی پێ دەدرێت.

هەشتەم: هیچ شتیک لەوە گرنگتر نیە منداڵ هەست بە ئارامی بکات لەلایەن باوانیەوە، بۆیە کاتێک هەست دەکەیت منداڵەکەت دەترسێت پێی مەڵێ "هیچ شتێک نیە لێی بترسیت"، باشترە بڵێیت "دەبینم کە دەترسیت، بەڵام من لەگەڵتدام".

نۆیەم: منداڵکەت فێربکە کە ئەرکەکانی لە کاتی خۆیدا بکات، هەروەها دەبێت ئەوە بزانێت ئەنجامدانی ئەرکەکانی سود بەخۆی دەگەیەنێت نەک تۆ، بۆیە کاتێک دەتەوێت بیری بهێنیتەوە مەڵێ "پێم وتیت ئەنجامی بدە"، پێی بڵێ "ئێستا کاتی ئەوەیە تەلەفزیۆن بکوژێنیتەوەو وانەکانت بخوێنیت".

دەیەم: توانای منداڵەکان جیاوازن، ئەو بارودۆخەش جیاوازە کە ئەوی تێدا گەورە بوە، بۆیە هەرگیز بە کاتی منداڵی خۆت بەراوردی مەکە، مەڵێ "کە لە تەمەنی تۆدا بوم دەمتوانی بیکەم"،  باشترە پێی بڵێین "با فێرت بکەم چۆن ئەنجامی بدەیت".

 

ئه‌م بابه‌ته 27495 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP