ئەو ئامۆژگاریانەی پێویستە هەمو پیاوێکی خێزاندار بیزانێت

خەندان لایف

کاتێک دەچیتە ناو ژیانی هاوسەرگیریەوە دەبێت بزانیت هەڵسوکەوت و مامەڵەکانت چیتر نابێت سەربەخۆ بێت و هەمو جوڵەیەکت کاریگەری لەسەر بەرامبەرەکەت جێدەهێڵێت، هاوسەرگیری ئاسان نیە و پێویستە بزانیت چۆن مامەڵە لەگەڵ بەرامبەرەکەت دەکەیت، ماڵپەری brightside هەندێک ئامۆژگاری بڵاوکردوەتەوە کە پێویستە هەمو پیاوێکی خێزاندار بیزانێت لە پێناو هەبونی ژیانێکی ئاسودە، بەردەوامبون و نوێبونەوەی پەیوەندیەکەیان.

یەکەم: دوای هاوسەرگیریتان ژوان ببەستن و لانی کەم هەفتەی جارێک پێکەوە بڕۆنە دەرەوە بۆ ئەوەی پەیوەندیتان بەهێز ببێت.

دوەم: لە ژیانتدا پارێزگاری لە دو شت بکە "خانمەکەت لەگەڵ دڵت"، رێگەمەدە کەس جێگەی ئەو بگرێتەوە.

سێیەم: بە هەمان شێوەی پێش هاوسەرگیری هەوڵی بەدەستهێنانی دڵی بدە و بەردەوام گرنگی پێ بدە، خانمان هەرگیز ئەو کەسانە فەرامۆش ناکەن کە گرنگیان پێ دەدەن.

چوارەم: هەوڵمەدە بەرامبەرەکەت بگۆڕیت، بەو شێوەیە قبوڵت بێت کە هەیە.

پێنجەم: رۆژانە سەرنجت لەسەر باشترینەکانی ئەو بێت، زۆرێک لەو کەسانەی ژیانی هاوسەرگیریان پێکهیناوە بەردەوام بەدوای دۆزینەوەی رەخنەن لە بەرامبەرەکەیان، بەڵام پێویستە هەوڵبدەیت شتە باشەکانی ببینیت و لایەنە خراپەکانی فەرامۆش بکەیت.

شەشەم: هەرگیز سەرزەنشتی مەکە بۆ ئەو کارانەی کە کردویەتی بوەتە هۆی توڕەکردنت بەڵکو بە گفتوگۆی هێمنانە تێیبگەیەنە کە ئەو هەڵسوکەوتەیت پێ گونجاو نەبوە.

حەوتەم: کۆنتڕۆڵی هەستەکانت بکەو چاوەڕێ مەکە هەمو کات ئەو دڵخۆشت بکات، لە خۆتەوە دەست پێبکە و پاشان گۆڕانکاریەکان لە بەرامبەرەکەت بەدی دەکەیت.

هەشتەم: پێویست ناکات هەمو ژیانتان جدیات بێت، رۆژانە تەرخانکردنی هەندێک کات بۆ پێکەنین و گاڵتەکردن پەیوەندیەکەتان بەهێزتر دەکات.

نۆیەم: مەرج نیە تەنها بە کڕینی دیاری و سوپرایز دڵی خۆش کەیت، گرنگیپێدان و دەربڕینی هەستەکانت زیاتر لەهەر شتێک بەرامبەرەکەت دڵخۆش دەکات.


دەیەم: کەسێکی خۆپەرست مەبە، مافی خۆتە  کات لەگەڵ هاوڕێکانت و خێزانەکەت بەسەرببەیت، بەڵام رێگر مەبە لەوەی خێزانەکەت هەمان کات لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانی بەسەر بەرێت.

یانزەیەم: کەسێکی لێبوردە بە، هەمو کەس هەڵە دەکات، پێویست ناکات وشەی نەشیاو و توڕەبونی بەکاربهینیت کاتیک هەڵەیەک ئەنجام دەدات.

دوانزەیەم: راستە پارە گرنگی خۆی هەیە لە ژیاندا، بەڵام هێندە سەرقاڵی کارکردن مەبە کە کاتت بۆ خێزانەکەت نەمێنێت، ئەوەت لەبیر بێت کە لە کۆتاییدا ئەوەی کە براوەیە خۆشەویستیە نەک پارە.

 

ئه‌م بابه‌ته 17258 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP