ئەم هەڵانە زیان بە مێشک دەگەیەنن

خەندان لایف

مێشکی مرۆڤ یەکێکە ئەندامە هەرە گرنگەکانی جەستەى مرۆڤ و دەبێت زۆر باش ئاگادارى بین تا بە هۆی چەند هەڵەیەک توشی زیان نەبێت، چونکە مێشک بەرپرسیارى زۆرێک لەو ئەرک و فەرمانانەیە کە ئێمە بەردەوام ئەنجامیان دەدەین، هەر سستیەک یان کەموکورتیەک لە مێشکدا روبدات رەنگدانەوەى لەسەر کۆى گشتی تەندروستی جەستە دەبێت، باشترە لەم هەڵانە دوربکەویتەوە.

پشتگوێ خستنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی
بە پێی نوێترین توێژینەوەکان رۆژانە گفتوگۆکردن بۆ ماوەی 10 خولەک دەبێتە هۆی بەهێزکردنی توانای مێشک.

زۆر بەکارهێنانی شەکر و شیرینی
بەکارهێنانی زۆرى شەکر دەبێتە هۆى ئەوەی جەستە کەمتر سود لە ڤیتامین و پرۆتینەکان وەربگرێت، بەمەش کاریگەرى تەواو لەسەر مێشک دادەنێت.

ئەنجامنەدانی راهێنانی مێشک
لە زانستدا ئەوە سەلمێندراوە ئەنجامدانی یاریەکانی مێشک وەکو مەتەڵ، پەزڵ هەروەها خوێندنەوە ئەگەری توشبون بە ئەلزەهایمەر کەم دەکەنەوە.

 نەخواردنی ژەمی بەیانیان
کەسانێک کە نانی بەیانی ناخۆن رێژەى شەکرى خوێنیان دادەبەزێت، ئەمەش کاریگەرى دەبێتە سەر مێشک و چالاکیەکانی کەم دەکاتەوە، باشترە نان بخۆیت و دوای 3 کاتژمێر چا یان قاوە بخۆیت.

زۆر خواردنی خواردنە ئامادەکراوەکان و خواردنە خێراکان
دەبێتە هۆى گرژبونی دەمارەکانی مێشک و بەمەش تواناى بیرکردنەوە و چالاکی مێشک لاواز دەبێت و کەسەکە توشی لەبیرچونەوە دەبێت.

خواردنی ئایس کرێم و ساردەمەنی
دەبێتە هۆی سەرئێشە، زیان بە مێشک دەگەیەنێت.

مۆبایل
زیان بە مێشک دەگەیەنێت، لە نوێترین توێژینەوەدا دەرکەوتوە کە مۆبایل دەبێتە هۆی شێرپەنجەی مێشک، باشترە لە کاتی قسەکردن بە مۆبایل هێدفۆن یان سپیکەر بەکاربهێنیت، لەبری ئەوەی مۆبایلەکە نزیکی سەرت بکەیتەوە، شەوان لە نزیکی خۆتەوە مۆبایلەکەت دامەنێ.

داپۆشینی سەر لەکاتی نوستندا
داپۆشینی سەر دەبێتە هۆى کۆبۆنەوەى دوانەئۆکسیدى کاربۆن و لە ئەنجامدا ئۆکسیجین کەم دەبێتەوە و بەمەش زیان بەخانەکانی مێشک دەگات.

وشک بونەوەی جەستە
مێشکی مرۆڤ %70-80 لە ئاو پێکهاتوە، کاتێک بڕی پێویست ئاو ناخۆیتەوە زیان بە مێشکت دەگات.

کحول
خانەکانی مێشک لەناودەبات، لە کاتی وازهینان لێی خانەکانی مێشک دەگەڕینەوە بۆ باری ئاسایی.

جگەرەکێشان
جگەرەکێشان زۆر مەترسیدارە بۆ مێشک و تەنانەت چەندجارێک قەبارەى مێشک بچوک دەکاتەوە و هۆکارى سەرەکی نەخۆشی بیرچونەوە یان ئەلزەهایمەرە.

فەرامۆشکردنی وەرزش
مێشک بەردەوام پێویستی بە وەرزشکردن هەیە، دەرکەوتوە کە ئەنجامدانی وەرزش بیرەوەری کەسەکە بەهێزدەکات بۆ ماوەیەکی درێژ.

نەخواردنی خۆراکی پێویست

زۆرجار ئەو کەسانەی دەیانەوێت کێشیان دابەزێنن بۆ ماوەیەکی زۆر بە برسیتی دەمێننەوە، بۆیە باشترە خۆراکی تەندروست بخۆن نەک بە برسیتی بمێننەوە.

ئه‌م بابه‌ته 18102 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP