بۆچی منداڵان ئارەزوی قوتابخانە ناکەن؟ چارەسەر چیە؟


خەندان لایف

هەندێک لەو منداڵانەی سەرەتا دەخرێنە قوتابخانە دوچاری حاڵەتێکی دەرونی وادەبن، کە بە هەموو شێوەیەک ڕۆشتن بۆ قوتابخانە رەت دەکەنەوە و رازینین ماڵەوە بەجێبهێڵن، دەگونجێت توشی ژانە سک یا سەرئێشە ببن لە ئەنجامی ئەو بارە دەرونیەی تێیکەوتون، ماڵپەری raisingchildren هۆکار و چارەسەرەکان خستوەتەرو.

هۆکارەکان:
یەکەم: ترسان هەیە لەوەی لە دایک و باوکیان داببڕێن، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئاستی پشت بەخۆبەستنیان کەمە.

دوەم: بەردەوام سترێسی دەبێت لەوەی لەلایەن منداڵەکانی دیکەوە روبەروی گرفت و شەرکردن ببێتەوە، یان مامۆستاکەی توڕە ببێت.

سێیەم: گرفتی زانستی وەکو ئەوەی وانەکانی پێ قورس بێت.

چوارەم: ئارەزو نەکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی قوتابخانە کە پێی دەسپێردرێت.

پێنجەم: زۆر نازپێدانی لەلایەن دایک و باوکەوە، کەئارەزو ناکات لەو نازە داببڕێت.

شەشەم: ترساندنی منداڵ لەلایەن دایک و باوکەوە، بەوەی ئەگەر ئەرکەکان جێبەجێ نەکات مامۆستاکەی لێی دەدات.


چارەسەرەکان:
یەکەم: هەرگیز منداڵەکەت مەترسێنە بە مامۆستاکان، بەڵکو هەوڵبدە مامۆستاکەی لاخۆشەویست بکەیت، دەتوانیت دیاریەک بدەت بە مامۆستاکەی بۆ ئەوەی پێشکەشی منداڵەکەتی بکات و وێنای منداڵەکە بگۆڕێت بەرامبەر قەتابخانە.

دوەم: فێری بکە پشت بەخۆی ببەستێت، متمانەی بە تواناکانی هەبێت.

سێیەم: بەهۆی قوتابخانەوە هەندێک لە خۆشیەکانی لێ قەدەغە مەکە، واتە کاتێک پێویستە وانەکانی ئەنجام بدات تەلەفزیۆن یان یاریەکانی لێ قەدەغە مەکە، بەڵکو خشتەیەکی رۆژانەی بۆ ئامادە بکە بە شێوەیەکبێت کات بۆ یاریکردن و وانە خوێندنیشی تێدا بێت.

چوارەم: هەرگیز مەیترسێنە بە دەرنەچونی لە وانەکان، بەڵکو زیانەکانی بۆ رون بکەرەوە کە ئەگەر لەوانەکانی دەرنەچێت خۆی زەرەرمەند دەبێت.

پێنجەم: باشترە لە قوتابخانە ئاهەنگێک سازبکرێت بۆ منداڵەکان بەتایبەت ئەو منداڵانەی کەیەکەمجاریانە دەچنە قوتابخانە، بۆئەوەی لەگەڵ ژینگەکە رابێن و قوتابخانەیان خۆشبوێت.

شەشەم: بە نمرەکانی هەڵیمەسەنگێنەو بەراوردی هاوڕێکانی مەکە، چونکە بەم شێوەیە رق پەیدا دەکات بەرامبەر هاوڕێکان و قوتابخانەکەی.

ئه‌م بابه‌ته 8591 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP