لەبەر ئەم چەند هۆکارەیە جیابونەوە باشترە لەقبوڵکردنی ژیان لەپێناوی منداڵ

خەندان لایف

زۆرێک لە دایک و باوکان لەبەر چەند هۆکارێک ئارەزوی مانەوە ناکەن لەگەڵ یەکتریدا بەڵام جیانابنەوەو ئەو ژیانە قبوڵ دەکەن تەنها لە پێناوی منداڵەکانیان، بەڵام لەراستیدا بەم شێوازە جگە لەوەی ژیانی خۆیان لەناودەبەن بە هەمان شێوە ژیانی منداڵەکانیشیان لەناودەبەن و کاریگەری لەسەر کەسایەتیان دەبێت، بە پێی توێژینەوە سایکۆلۆژیەکان جیابونەوەیەکی هاوڕێیانە لەبەرچاوی منداڵ باشترە لە ژیانێکی نائارام چونکە کاریگەری نەرێنی دەرونی لەسەر منداڵەکە جێدەهێڵێت.

یەکەم: ئەوان رەنگدانەوەی ئەو ژیانەن کە دایک و باوکیان هەیانبوە، کاتێک دەبینێت ژیانی دایک و باوکی هەمیشە شەڕوئاژاوەی تێدایە، وابیر دەکاتەوە هەمو ژیانێکی هاوسەرگیری بەو شێوازەیەو لە گەورەبونیدا هەمان رەفتاری دایک و باوکی دوبارە دەکاتەوە.

دوەم: کاتێک دەبینێت دایک و باوکی سەرقاڵی کیشەکانیان و نائارمن، منداڵەکە هەست بە سەلامەتی و پارێزراوی ناکات و هەمیشە بەنەرێنی دەربارەی ژیان بیر دەکاتەوە.

سێیەم: لە ئەنجامدا منداڵەکە هەست بە سترێس دەکات و بە شێوەیەک بیر دەکاتەوە کە ژیانی لە مەترسیدایە، هەمیشە لەدودڵی و نائارامیدا دەژی.

چوارەم: هەمیشە ترسیان دەبێت لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی چواردەوریاندا، لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیاندا سەرکەوتو نابن،  لەکاتی گەورەبونیاندا رقیان لە رەگەزی بەرامبەر دەبێتەوەو بیر لە دروستکردنی ژیانی هاوبەش ناکەنەوە.

پێنجەم: بە مەبەستی لەبیرکردنی ئەو کێشانەی لە خێزانەکەدا روی داوە هەوڵ دەدات خۆی سەرقاڵ بکات ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی فێری چەندین خو ببێت کە زیانی پێ دەگەیەنێت، خۆی بە بەکارهێنانی مۆبایل  و یاریە ڤیدیۆیەکانەوە سەرقاڵ دەکات کە زیانێکی زۆر بە مێشک و چاوەکانی دەگەیەنێت.

شەشەم: وادەزانێت هەمو کێشەیەک تەنها بە تورەبون و کێشە دروستکردن چارەسەر دەبێت بۆیە، بۆیە لەکاتی گەورە بونیاندا توانای روبەروبونەوەی کێشەکانیان نابێت، لەبری چارەسەر بە توڕەبون کێشەکانیان گەورەتر دەکەن.

حەوتەم: منداڵ دەبێت لە ژینگەیەکی ئارام و پر لە سۆز گەورە ببێت، رێز و خۆشویستی لەنێوان کەسانی چواردەوری ببینێت، بەڵام کاتێک دەزانێت ئەو ژیانەی بۆ دەستەبەر نابێت بیر لە دەربازبون دەکاتەوە لەو ژیانە، رەنگە توشی چەندین کێشەی جۆراوجۆر ببێت لە دەرەوەی چاودێری دایک و باوکیدا.

 

ئه‌م بابه‌ته 11599 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP