فیستیڤاڵی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی به‌ڕێوه‌چو

خه‌ندان لایف

له‌ چه‌ند رۆژی رابردو فیستیڤاڵی نۆتینگ هیڵ كه‌ فیستیڤاڵێكه‌ بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی  له‌ شاری له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌چو.

عه‌تا موفتی وه‌كو به‌شداربویه‌كی ئه‌و چالاكیه‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ خه‌ندان باسی له‌فیستیڤاڵه‌كه‌ كرد و وتی فیستڤاڵه‌كه‌ له‌ 25 بۆ 27ی مانگ له‌ ناوچه‌ی نۆتینگ هیڵ به‌ڕێوه‌چو، چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆری تێدا ئه‌نجامدرا، وه‌كو نمایشی جلوبه‌رگ و خۆراك و ره‌نگ، هه‌مو ته‌مه‌نێك تیایدا به‌شداریان كردبو.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی فیستڤاڵه‌كه‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ره‌گه‌ز په‌رستیه‌، ده‌رباره‌ی به‌ڕێوه‌چونی فیستیڤاڵه‌كه‌ وتی رێكخسته‌كانی وه‌كو ساڵه‌كانی دیكه‌ فراوان نه‌بو به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ رێگه‌كان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ گیرابون به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی شوێنه‌كه‌.

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی كورد یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی به‌شداری ئه‌م كه‌رنه‌ڤاڵانه‌ی كردوه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و كوردانه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ یان ده‌روبه‌ری  نیشته‌جێن، هۆكاره‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی كورد خاوه‌نی عه‌قڵێكی كراوه‌یه‌ به‌ به‌راورد به‌ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌. 

كه‌ڕنه‌ڤاڵی نۆتینگ هیڵ هه‌مو ساڵێك له‌ كۆتایی مانگی هه‌شت سازده‌كرێت، مێژوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1958 كه‌لەلایەن سپی پێسته‌كان په‌لاماری ئه‌و ناوچه‌یه‌ درا بۆ سه‌ر ره‌ش پێسته‌كان و چه‌ند كێشه‌یه‌ك رویدا.

دوای چه‌ند ساڵێك ره‌ش پێسته‌كان و سپی پێسته‌كان چه‌ند چالاكیه‌كی بچوكیان ئه‌نجامدا به‌مه‌ستی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ره‌گه‌ز په‌رستی، دواتر چالاكیه‌كه‌ فراوان بو له‌ ئێستادا گه‌وره‌ترین فیستیڤاڵه‌ له‌ ناوچه‌كه‌.

ئه‌م بابه‌ته 16606 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP