هۆکارەکانی دواکەوتنی سوڕی مانگانە


خەندان لایف

بەشێکی زۆر لە خانمان کێشەی دواکەوتنی سوری مانگانەیان هەیە، هۆکارەکەشی دەگەرێتەوە بۆ ناڕێکی هۆڕمۆنەکانی جەستە، کە بە هۆکاری جیاواز وادەکات ئەو گۆڕانکاریە روبدات،بە پێی هەواڵێکی ماڵپەری Healthline پێویستە سوڕی خانمان لە نێوان 21 بۆ 25 رۆژدا بێت، لەو ماوەیە زوتر یان درەنگتر هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ.

یەکەم: بونی سترێس و دڵەراوکێ، کاریگەری لەسەر گۆڕانی هۆڕمۆنەکان هەیە و رێکی سوڕی مانگانەی تێکدەدات.

دوەم: دابەزینی کێش، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی دواکەوتنی سوڕی مانگانە، ئاساییە بە رێژەیەکی کەم کێشت دابەزێت، بەڵام دابەزینی کیش لەناکاو دەبێتە هۆی دواکەوتنی سوڕی مانگانە و هەندێکجار راوەستانی سوڕی مانگانە.

سێیەم: قەڵەوی دەبێتە هۆی دروستبونی گۆڕانکاری لە هۆرمۆنەکان، سوڕی مانگانەی خانمان تێکدەدات.

چوارەم: رێگری لە دروستبونی منداڵ بە بەکارهێنانی حەپ، وادەکات جەستە هۆڕمۆنی ئیسترۆجین و پرۆگێستین دەربکات، ئەمەش کاریگەری دەبێت لە دابەزینی هێلکە و سوڕی مانگانە تێکدەدات.

پێنجەم: کیسی هێلکەدان کاریگەری لەسەر گۆڕانی هۆڕمۆنەکان هەیە، کە سوڕی مانگانەی خوێن دوادەخات.

شەشەم: ئەو کەسانەی گرفتیان لە غودەدا هەیە، بەهەمان شێوە سوڕی مانگانەیان دوادەکەوێت، دوای وەرگرتنی چارەسەری غودە سوڕی مانگانەیان نۆڕماڵ دەبێتەوە.

حەوتەم: ئەو کەسانەی تەمەنی نائومێدبونیان پێشدەکەوێت، تەمەنی نائومێدی لای ژنان لە نێوان 45 بۆ 50 ساڵیدایە، بەڵام هەندێک لە خانمان لە تەمەنی 40 ساڵیەوە دەست پێدەکات ئەمەش سوڕی مانگانەیان تێکدەدات.

هەشتەم: سەرجەم ئەو نەخۆشیانەی کە درێژخایەنن و کاریگەریان لەسەر سوڕی مانگانە هەیە، وەک شەکرە و نەخۆشیەکانی هۆڕمۆن و منداڵدان، یان کرداری هەرس.

ئه‌م بابه‌ته 18719 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP