هەندێک خو کەهەمو رۆژ بەهەڵە ئەنجامی دەدەین

خەندان لایف

رۆژانە هەندێک شت ئەنجام دەدەین بێ ئەوەی زانیاریمان هەبێت دەربارەی ئەوەی چەند کاریگەری خراپی لەسەرمان دەبێت، ماڵپەری Brightside هەندێک خوی بڵاوکردۆتەوە کە رۆژانە بەکاری دەهێنین بەڵام بە شێوەیەکی هەڵە و نادروست.

توانەوەی خۆراکی بەستو بە ئاوی گەرم، ئەو کاتەی پەلەتە رەنگە خۆراکەکە لە بەفرگر دەربهێنیت و بیکەیتە ئاوی گەرمەوە بۆ ئەوەی بە خێرایی بتوێتەوە، بەڵام لە راستیدا ئەم کارە زۆر هەڵەیە چونکە هەمو ئەو بەکتریایانەی پێشتر بە خۆراکەکەوە هەبون بەم شێوەیە دەست دەکەنەوە بە گەشەکردن، باشترە ئەگەر پەلەت بو هەمو 30 خولەک جارێک ئاوی سارد بەکاربهێنیت، یان مایکرۆوەیڤ.

تەماشاکردنی مۆبایلەکەت بۆ خوارەوە زیان بە مل و بڕبڕەی پشت دەگەیەنێت، سەر ئێشە زیاد دەکات، باشترە بە ئاراستەی چاوت تەماشای مۆبایل بکەیت.

بەکارهێنانی ئاوی سارد لە کۆتایی خۆشۆردن کە ئێمە بە تەواوی فەرامۆشمان کردوە، لە راستیدا چەندین سودی تەندروستی هەیە، کە دەبێتە هۆی چالاک کردنی سوڕی خوێن، بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش، نوێکردنەوەی خانەی پێست، هەروەها کەمکردنەوە سترێس و هۆکارێکیشە بۆ دابەزاندنی کێش، تەنها ئەوەندە بەسە لە کۆتاییدا بۆ ماوەی 10 چرکە ئاوی سارد بە جەستەتدا بکەیت.

پێش چونە جێم بە هیچ شێوەیەک روخسارت مەشۆ چونکە خانەکانی پێست دەکرێنەوە و کاتێک راهێنان دەکەیت و ئارەق دەکەیت پێستت هەموی هەلدەمژێت، بەڵام دوای هاتنەوە لە جێم شتنی روخسار کارێکی پێویستە.

بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان پێش نوستن یەکێکە لە هەڵە گەورەو باوەکان، زیان بە چاوەکان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی تێکچونی سیستمی خەو، هەروەها وات لێدەکات هەست بە ماندو بون بکەیت، باشترە پێش نوستن خۆت سەرقاڵی کتێب خوێندنەوە یان یاریەکانی بەهێزکردنی مێشک بیت.

گرتنی لوت لە کاتی پژمین زۆر مەترسیدارە، زیان بە سیانەکان و پەردەی گوێ دەگەیەنێت، بۆیە باشترە لوت و دەمت نەگریت بۆ ئەوەی بەکتریاکان بێنە دەرەوە و تەنها ئەوەندە بەسە بە پارچە کلێنکسێک دەم و لوتت دابپۆشیت.

بەکارهێنانی هێدفۆن بە دەنگی بەرز زیان بە گوێ دەگەیەنێت و رەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی هەستی بیستن، باشترە بە دەنگێکی نزم یان مامناوەند گوێ لە میوزیک بگریت.

خواردنەوەی قاوە راستەوخۆ دوای هەستان لە خەو دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی هۆرمۆنی کۆرتیسۆڵ، کە دەبێتە هۆی سترێس بونی کەسەکە، بۆیە باشترە سێ کاتژمێر دوای هەستان لە خەو قاوە بخورێتەوە.

بەکارهێنانی شامپۆ و سابونی دژە بەکتریا زیانمان پێ دەگەیەنێت، پێست جگە لەوەی بەکتریای زیان بەخشی لەسەرە بەکتریای سود بەخشیشی لەسەرە لە سود بە پێست دەگەیەنێت، بەکارهێنانی ئەو جۆرە پاکەرەوانە هەمو بەکتریاکان لەناو دەبات و زیان بە پێست دەگەیەنێت.

 

ئه‌م بابه‌ته 15661 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP