مەڵاشو چیە؟ ئایا مەڵاشو کەوتن هەیە؟


خەندان لایف-

لە کاتی لە دایک بونی منداڵدا کۆمەڵێک کون لە ئێسقانی سەردا هەیە کەدیارترین و گەورەترینیان ئەوەیە کە لە بەشی پێشەوەی سەردا هەیە و پێی دەڵێن مەڵاشو، قەبارەیەکی دیاری کراوی هەیەو لەماوەیەکی دیاری کراودا دادەخرێت کە دەکەوێتە (9-18) مانگ، پێویستە مەڵاشو تەخت بێت و نیمچە نەرم بێت، هەندێ جار لێدانی هەیە وەک لێدانی خۆین بەر.

سودەکانی مەڵاشو:
یەکەم: لە کاتی لەدایک بونی منداڵدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێپەربونی کۆرپەلە بەناو لەشی ئافرەتدا چونکە ئێسقانەکانی سەر ئەچنە سەریەک بەهۆی بونی ئەو کونانە لەسەردا.

دوەم: یارمەتیدەر ئەبن بۆ گەورەبون و گەشەی مێشک ، واتە ئەگەر ئەم کونە زو دابخرێت و ئێسقانەکان یەک بگرن، مێشک ناتوانێت لەوە زیاتر گەورە بێت و گەشە بکات.

سێیەم: لەرێگەی ئەم کونەوە زانیاری لەسەر مێشک لەرێگەی سۆنەرو ئامێری تری دیاری کردنی نەخۆشی بە ئاسانی وەردەگیرێت.

چوارەم: پزیشک لەڕێگەی دەست لێدانی ئەتوانێت زانیاری دەست بکەوێت لەسەر پەستانی ناو مێشک، بۆ نمونە ئەگەر چاڵ بو بێت واتا نەخۆشەکە لەوانەیە وشک بوبێتەوە، یان ئەگەر دەرچوبێت لەوانەیە پەستانی ناو مێشک زیادی کرد بێت .

ئایا مەڵاشو دەکەوێت؟
لەکاتی گریان و پاڵ کەوتن و ڕشانەوە مەڵاشو بۆ دەرەوە دەردەچێت.
هەندێ کەس لە کاتێکدا کە مەڵاشو ئەچێت بەناوەوە و چاڵ ئەبێت لەکاتی وشک بونەوەدا پەستان دەخەنە سەر بەشی سەرەوەی ناو دەم، وا دەزانن مەڵاشوی منداڵەکەیان کەوتوەو بەوە دەیهێننەوە، بەڵام ئێسقانێکی زۆر پتەو لەنێوان دەم و مێشکدا هەیە کە بەهیچ شێوەیەک ئەو پەستانە کاریگەری نیە، بەڵکو تەنها ئازاری منداڵەکە دەدات، بۆیە مەڵاشو بە هیچ شێوەیەک ناکەوێت.


ئه‌م بابه‌ته 12919 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP