بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ کچ و کوڕە هەرزەکارەکەت بکە


خەندان لایف-

هەرزەکاری یەکێکە لە دیارترین و هەستیارترین قۆناغەکان کە مرۆڤ پیایدا تێپەر دەبێت، دەکەوێتە دواهەمین قۆناغی منداڵی و سەرەتای قۆناغی کامڵ بون، لەم قۆناغەدا گۆرانکاری پلە بە پلە لەکەسەکەدا رودەدات لە روی جەستەیی، ژیری، دەرونی، کۆمەڵایەتی.

لەم تەمەنەدا کۆمەڵێک پرسیار لای کەسەکە دروست دەبێت کە وای لێ دەکات ناسنامەی خۆی دیاری بکات، بۆیە پێویستە دایکان و باوکان بەردەوام وەکو هاورێ وابن بۆ منداڵەکانیان، هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵیان بن و بە شێوازێکی تایبەت تر مامەڵەیان لەگەڵ بکەن.

یەکەم: لەم تەمەنەدا بە گشتی کەسەکە هەست بە تەنیایی دەکات و وابیر دەکاتەوە کە هیچ کەسێک پاڵپشتی نیە، بۆیە گرنگە بەردەوام لە پشتی بوەستیت.

دووەم: هەوڵ بدە لێیان تێبگەیت، لە کاتی ئەنجامدانی هەر رەفتارێکیان دژیان مەوەستەو لێیان تێبگە.

سێیەم: هاوڕێ گرنگی زۆری هەیە لە ژیانی هەرزەکاردا و دەتوانن رۆڵی کاریگەر بگێڕن، بۆیە لە نزیکەوە ئاگاداری هەڵسوکەوتیان بە و هەڵەکانیان بۆ راست بکەرەوە.

چوارەم: ئازادی پێ ببەخشە بۆ ئەوەی هەست بە بونی خۆی بکات و کەسێتی خۆی بسەلمێنێت، ئەمەش لە پاڵ چاودێریکردن و هاوکاری کردنی لە کاتی پێویستدا.

پێنجەم: وەکو منداڵ هەڵسوکەوتنی لەگەڵ مەکە، چونکە هەوڵ دەدات لەو ژینگەیە رابکات، رەنگە توشی لادان ببن.

شەشەم: وەکو هاوڕێ وابە بۆی، بۆ هەمو رەفتارێکی توڕە مەبە، بۆ ئەوەی پەنا بۆ کەسانی دیکە نەبات.

حەوتەم: بەهۆی ئەو گۆڕانکاریە جەستەیی و فسیۆلۆژیانەی بەسەر کەسەکەدا دێت وای لێ دەکات توشی خەم، شەرم، ترس ببێت، رەنگە ببێتە هۆی تێکچونی باری دەرونی و کۆمەڵایەتی، بۆیە دەبێت بە شێوەیەکی تەندروست ئەو گۆرانکاریانەی بۆ رون بکرێتەوە.

هەشتەم: متمانەی پێ بکەو رێزی لێ بگرە بۆ ئەوەی بڕوای بە خۆی هەبێت.

نۆیەم: بە پێی لێکۆڵیەنەوەکان لەم تەمەنەدا دەمارگیری لای کوران و خەمۆکی لای کچان دروست دەبێت، هەوڵ دەدەن لە رێگەی هێز و توندوتیژی زۆرەوە داواکاریەکانیا بەدەست بهێنن، بۆیە هەوڵ بدە لێیان تێبگەیت.

دەیەم: لەم تەمەندا کەسەکە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکەی تەمەنی پێویستی بە پێدانی خۆشەویستی هەیە، گرنگە کە ئەو خۆشەویستیەی پێ ببەخشیت بۆ ئەوەی لە دەرەوەی ژینگەی ناوماڵ بەدوایدا نەگەڕێت.

ئه‌م بابه‌ته 9090 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

Copyright © 2015 Xendan.org all rights reserved
Created by AVESTA GROUP